رووماڵ

ئەبو ئالا وەلائی: ئیمارات و سعوودیە تێچووی شەڕی غەززە و لوبنانیان گرتووەتە ئەستۆ

ئەبو ئالا وەلائی: وڵاتانی عەرەبی لە سزا پارێزراو نابن

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی گرووپی چەکداریی سەیدو شوهەدا
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی گرووپی چەکداریی سەیدو شوهەدا

ئەبو ئالا وەلائی، لە یەکەم ساڵیادی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، لە پەیامێکدا ئیمارات و سعوودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە بەرپرسیاری سەرەکیی شەڕی ناوچەکە ناو دەبات و هەڕەشەش دەکات کە لە سزا پارێزراو نابن و دەشڵێت: "عێراق پشتیوانیی لوبنان و غەززەیە".

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی گرووپی سەیدو شوهەدای عێراق کە یەکێکە لە گرووپە میلیشیاکانی نێو حەشدی شەعبی، لە یەکەمین ساڵیادی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا بۆ جیهانی سەلماند، ئیسرائیل ڕژێمێکی بەتاڵە".

هەروەها پیرۆزبایی کردووە و ڕایگەیاندووە، چالاکییەکانی بەرەی مقاوەمە بە گشتیی و مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، توانیویانە هەژموونی ئیسرائیل تێکشکێنن.

دەشڵێت: "هەروەک چۆن حزبوڵلای لوبنانی پشتیوانی غەززە بووە، عێراقیش بە هەمانشێوە پشتیوانی لوبنان و غەززەیە".

ئەبو ئالا وەلائی دەڵێت: " ئەم تاوانانەی دەکرێن بە پشتیوانیی ئیمارات و سعوودیە دەکرێن کە تێچووی دارایی شەڕەکەیان گرتووەتە ئەستۆ و ڕژێمی ئیسرائیل بۆ تاوانکارییەکی سەر شێتانە هاندەدەن".

هەر لە پەیامەکەیدا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی و دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی عەرەب کە هاوپەیمان و شوێنکەوتەی سعوودیەن، بەرپرسیارن لەو خوێنڕێژییەی هەیە، هەربۆیە دەبێت بزانن کە لە سزا پارێزراو نین".

هەروا ئاماژەی داوە "ئەو بۆمبانەی ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا  لە هێرشەکانیدا لە باشووری بەیرووت بەکاری هێناون، کاریگەرییەکانی بارتەقای ئەو بۆمبە ئەتۆمییەی ئەمەریکایە لە شاری ناکازاکیی ژاپۆن بەکاری هێنا".