ئایدن مەعروف: هەندێک لایەن دەیانویست ئەم پێکەوەژیانەی هەرێمی کوردستان تێک بدەن

7ـی ئۆکتۆبەری هەمووساڵێک ڕۆژی نەتەوەیی تورکمانە لەهەولێر، لەوبارەوە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەبۆنەی ئەم ڕۆژە پیرۆزبایی لە نەتەوەی تورکمان دەکەم".

ئایدن گوتیشی: "ڕۆژی نەتەوەی تورکمان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1997 لەیەکەم کۆنگرەی لایەنە سیاسییەکانی تورکمان، بڕیار درا ئەو ڕۆژە بکرێتە ڕۆژی نەتەوەیی تورکمان".

باسی لەوەش کرد: "پێکەوەژیانی نەتەوەکان زۆر گرنگە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانیی لە مافی پێکهاتەکان بکەن، تاوەکوو بەشێوەیەکی فراوان بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی بکەن. ئێستا دۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر پشتیوانیی لە پێکهاتەکان دەکات".

گوتیشی: "نەتەوەی تورکمان نەتەوەیەکی گرنگە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەردەوام لە ڕێگەی دیالۆگ داوای مافەکانی کردووە، داواکاریشین 7-10 بکرێتە بۆنەیەکی فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەش دا: "کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بوو لە کاری پێکهاتەکان و بووە بابەتێکی سیاسی، هەروەها هەندێک لایەن دەیانویست ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تێکی بدەن، بۆیە بوون و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە کورسیی کۆتاکان گرنگترە".

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment