دیندار زێباری: کابینەی نۆیەم کاری بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان  کردووە

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانە دەکات کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتيی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، ئاراستەی کراون.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ ئەوەی بڕگەکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتيی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە ڕووی یاساییەوە جێ بەجێ بکرێن لەم ڕووەوە لە 24 یاسای ناوخۆیى هەرێم ڕەنگی داوەتەوە لە بوارەکانی پەروەردە، شوێنەوار، نەهێشتنی گەندەڵی، پاراستنی مافی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و چەندین بواری دیکە".

بەپێی ڕێککەوتننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، پێویستە هەموو هاووڵاتییان مافی خوێندنیان بۆ دابین بکرێت، لەم بارەوە ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "یەکێک لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم بریتییە لە کەم کردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری، لە ساڵی 2018 ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە (24%) بە هەوڵ و پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەت، لەو کەرتە توانرا ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ (16%) کەم بکرێتەوە ئەمەش بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوێکی باشە، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوو توانرا ژمارەیەکی زۆری ئەو قوتابیانەی لە خوێندن دابڕابوون دووبارە بگەڕێنرێنەوە بەر خوێندن لەم ڕووەوە لەنێوان ساڵانی 2022 تا 2024  زیاتر لە 30 هەزار قوتابی گەڕێنراونەوە بەر خوێندن".

لە بارەی دامەزراندنی مامۆستایان و بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ڕێکخەری راسپاردە گوتی: "لەم كابینەیەدا زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستای گرێبەست بوونە هەمیشەیی و سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومەتییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016 دامەزران كە ژمارەیان نزیكەی 1300کەسە، هەر لەم چوارچێوەیەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست ئیمزا کرد. بەپێی فەرمانەکە زیاتر لە 38 هەزار  وانەبێژ بە گرێبەست دامەزران، لەلایەکی دیکەوە رۆژی 25ی ئەیلولی 2024 بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمەوە پەسەند کرا کە نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری لێی سوودمەند دەبن".

لە بارەی نەهێشتنی گەندەڵیش، زێباری ڕایگەیاند: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیجیی نیشتمانيی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی 2021-2025 پەسەند کرد، کە بریتییە لە پلانێکی تۆکمە بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".

لە کۆتایى لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆری بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان داوە، لەم ڕووەوە (41) پرۆژە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوارەکان جێ بەجێ کراون. هه‌روه‌ها 3200 شوێنەوار تۆمار کراون، و لە ساڵی 2023دا (69) شوێنەوار نۆژەن کراونەته‌وە و هەڵکۆڵینیان بۆ کراوە. هەروەها پلان بۆ جێبەجێکردنی 13 پرۆژەی دیکە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان هەیە، جگە لە کارکردن له‌ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی لالش".

و٢وووسق