كابینه‌ی نۆیه‌م و خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و پێكه‌وه‌ژیان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، له‌ دۆخێكدا ده‌ستبه‌كار بوو، كه‌ لێشاوێك ئالنگاری باڵی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا كێشابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توانی ڕووبەڕووی هه‌موو ئه‌و ئالنگارییانه‌ ببێتەوە و به‌سه‌ر زۆرترین كۆسپی به‌رده‌م سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا زاڵ بێت.

هەروەها هەموو ئه‌و بابه‌تانه‌ش كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ خزمه‌تكردن هاووڵاتیانه‌وه‌ و  ئه‌وانه‌ی ڕه‌هه‌ندی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌‌، له‌ماوه‌ی ئه‌و كابینه‌یه‌دا به‌رگێكی نوێی به ‌به‌ر كرا و توانرا هه‌نگاوی گه‌وره‌ له‌و بواره‌دا بنرێن، له‌وانه‌ش، به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیان، مێدیا، ڕێكخراوه‌ ناحكوومەتییه‌كان، ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان.

به‌ درووشمی كوردستانێكی به‌هێز، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی له‌ 10ی ته‌ممووزی ساڵی 2019 پێك هات.

ئەو کابینەیە له‌ 19 وه‌زاره‌ت و 12 فه‌رمانگه‌ و ده‌سته‌ی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ته‌كان پێكدێت و  وێڕای ئه‌و ئاسته‌نگ و ئالنگارییه‌ ئابووری و سیاسییانه‌ی له‌ به‌رده‌میشیدا هه‌بوون، ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد و توانیی هه‌نگاوی گه‌وره‌ له‌ ڕووی ڕێكخستن و چاكسازییه‌وه‌ بنێت. ئه‌و بابه‌تانه‌ش کە په‌یوه‌ندییان به‌ خزمه‌تی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌بوون، به‌رگێكی نوێیان له‌به‌ر كرا و په‌یوه‌ندی نێوان حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان چوونه‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر و چه‌ندان بواری له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گرته‌وه‌.

 ئه‌وانیش بریتی بوون لە؛

‌بواری پێكه‌وه‌ ژیان: له‌كاتێكدا هه‌شت پێكهاته‌ی ئایینی و ئاینزاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ئه‌م كابینه‌یه‌ توانیویه‌تی 457 شوێنی ئایینی درووست بكات.

‌بواری مێدیا: له‌سه‌ر چه‌سپاندن و به‌هێزكردنی بنه‌مای دیموكراسی و ئازادییه‌كان و ڕۆژنامه‌گه‌ری بۆ هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان به‌پێی یاسا و ڕێنماییه‌كان ڕه‌خسێندراوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان 126 كه‌ناڵی ناوخۆیی، 31 كه‌ناڵی ئاسمانی، 176 ڕادیۆ، 121 ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی و 988 ڕۆژنامه‌ و گۆڤار به‌ ئازادی كار ده‌كه‌ن.

بواری ڕێكخراوه‌ ناحكوومەتییه‌كان: له‌ كوردستان 5001 ڕێكخراوی ناوخۆیی و بیانی تۆماركراون و زه‌مینه‌ی كاریان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا بۆیان ڕه‌خسێندراوه‌.

له‌بواری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران: فه‌راهه‌مكردنی هاوكاریی مرۆیی به‌ تێچووی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانه‌ بۆ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ 31 كه‌مپ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

‌بواری شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان یانیش لامه‌ركه‌زی: سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا له‌ چوارچێوه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تدا ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕی و داراییه‌كان بۆ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان شۆڕ بكرێنه‌وه‌، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ریه‌ك له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ و ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خزمه‌تگوزاریی نوێی بۆ ئاسانكاری له‌ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان دامه‌زراند.