پارتی بەڵگەی لەسەر هەوڵی بەرپرسانی ئێستەی یەکێتی بۆ دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 08-10-2024، لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەوڵی بەرپرسانی ئێستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەک دەزانن ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق لە چەندین شوێن لەبارەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن نیگەرانیمان دەربڕیوە، بێگومان نیگەرانییەکانمان بەرمەبنای زانیاری بوو، بەڵام ئەوکات بەڵگەمان لە بەردەست نەبوو، ئێستا بە بەڵگەوە نیگەرانی و زانیارییەکانمان پشت ڕاست دەکەینەوە".
لیژنەی باڵای پارتی تۆماری پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەکوو "بەڵگە" بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی سەرکردایەتیی تازەی یەکێتی و بە تایبەت کوڕانی مام جەلال، بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: "بافڵ و قوباد لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی نێوانیاندا پیلانە شوومەکانیان دژ بە کوردستان، دیموکراسی، خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان باس دەکەن و لە هەوڵی تەزوویر و دیزاینکردنێکی ساختەن بۆ خۆیان و، بەوپەڕیی بێشەرمییەوە بێڕێزیی بە شەهیدە نەمرەکان، بنەماڵە سەربەرزەکانیان، پێشمەرگە قارەمانەکان و دەنگدەرانی ئازیز دەکەن، تا بشێن بە پیلان و تەزویر پرۆسەیەکی دیموکراسیی وەک هەڵبژاردن بەلاڕێدا ببەن و ناشیرینی بکەن".
لە خستنەڕووی ئەم بەڵگەیەدا، لیژنەی باڵای پارتی "ڕوو لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق، هاووڵاتیانی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکان، تێکۆشەران، چاودێران، ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین و ئەم ڕاستییەیان دەخەینە بەردەست، ڕاستییەک کە ڕووی ڕاستەقینەی (بافڵ و قوباد) بۆ هەمووان ئاشکرا دەکات. بەڵێ ئەمەیە هەقیقەتی (بافڵ و قوباد)، ئەو دوو تازە هەڵتۆقیوەی دونیای سیاسەت، کە ڕۆژێک بۆ کوردایەتیی زەحمەتیان نەکێشاوە و، هەرچی تێکۆشەری نێو حزبەکەیانە، یا سووکایەتییان پێکردوون، یا بێزار و تەریک و پەراوێز و دەریان کردوون، تا لە ڕێی ئەم جۆرە پیلان و سەفقە دوژمنکارانەیان دژ بە هەرێمی کوردستان کار بکەن و ناوبانگی دیموکراسیی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ناشیرین بکەن".