قوباد بۆ بافڵ تاڵەبانی: پێویستە وا نیشان بدەین 30 کورسی بە شێوەیەکی شەرعی بە دەست دەهێنین
بە گوێرەی تۆمارێکی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای، بەرپرسانی بەغدا 30 کورسییان بۆ یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان "زامن" کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 08-10-2024، لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ تۆمارێکی دەنگیی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانیی برای بڵاو کردەوە کە بە زمانی ئینگلیزیی قسە دەکەن و باس لە ساختەکاری و داڕشتنی پلانێک بۆ زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتیی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەکەن.
وادەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دیار نییە، بەڵام بە گوێگرتن لە قسەکانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە پێش بڕیاری دادگا باڵای فیدراڵیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی کۆتای پەرلەمان کراوە؛ چونکە بافڵ تاڵەبانی بە قوبادی برای دەڵێت، بەرپرسانی بەغدا "30 کورسی" بۆ یەکێتی "زامن کردووە" هەروەها بەڵێنی پێ داون "11 کورسیی کۆتای پەرلەمان" هەڵبوەشێننەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد بە بافڵی برای دەڵێت: پێویستە وا نیشان بدەین کە ئەو کورسییانە بە شێوەیەکی شەرعی بە دەست دەهێنین. بافڵیش لە وەڵامدا دەڵێت: پێویستیمان بە دەنگی هیچ (خوێڕییەک) نییە. من لە هیچ کەس سواڵ ناکەم کە دەنگ بدات، هیچ بۆم گرنگ نییە شەهید، یاخود ماڵی شەهیدی (...!)، یاخود پێشمەرگەی (...!). ئەگەری زۆرە دەچن و دەنگ هەر بەو لاهورە (...!)ـیە دەدەن.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی:
- بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ قوب، ئەحواڵت چۆنە کاکە؟
- قوباد تاڵەبانی: باشم تۆ چۆنی؟ سەردانەکەت بۆ درواسێکانمان چۆن بوو؟
- بافڵ تاڵەبانی: هیچ کاتێک لەوە باشتر نەبووە، پێیان گوتم کە سەبریان نەماوە لەگەڵ بارزانییەکان.
- قوباد تاڵەبانی: کاکە ئەمە ڕوونە، ئەوان بە تەواوی ڕاستن لەبارەی پارتی.
- بافڵ تاڵەبانی: بە ڕاستی هیچ گرنگ نییە ئەوان چی دەکەن، بەڵێنت پێ دەدەم ئەم جارە بە قورسی (...!) دەیانڕوخێنین. 30 کورسییان بە لانی کەم بۆ ئێمە زامن کردووە؛ هەروەها بەڵێنیان داوە بە نەهێشتنی ئەو 11 کورسییەی، کە پارتی هەمیشە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دەهێنێت.
- قوباد تاڵەبانی: ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆشە، هەروەها لە لای منەوە کارەکان بەپێی پلان بەڕێوە دەچن، بەڵام کاکە لەبیرت نەچێت پێویستە زۆر زیرەک بین لەم بارەیەوە و دەست بە لۆبیکردن بۆ هەڵبژاردن بکەین. پێویستە وا نیشان بدەین کە ئەو کورسییانە بە شێوەیەکی شەرعی بە دەست دەهێنین. تەنها لە حاڵەتێکدا ئەگەر بارودۆخەکە خراپ بوو (دەستمان کەشف بوو!)، وەک هەموو جار ئێمە دەتوانین (حزبی شەهیدان و ئەنفال و ...هتد) وەک ئیمتیاز بەکاریان بهێنین.
- بافڵ تاڵەبانی: کاکە گوێ بگرە، ئێمە ئەم یارییە دەکەین، بەڵام ئەوەی لای من جێی بایەخە، پێشوەختە کورسییەکانمان بۆ زامن کراوە، پێویستیمان بە دەنگی هیچ (خوێڕییەک) نییە. من لە هیچ کەس سواڵ ناکەم کە دەنگ بدات، هیچ بۆم گرنگ نییە شەهید، یاخود ماڵی شەهیدی (...!)، یاخود پێشمەرگەی (...!). ئەگەری زۆرە دەچن و دەنگ هەر بەو لاهورە (...!)ـیە دەدەن.
- قوباد تاڵەبانی: هەر چۆنێک بێت، پێویستە لە ئێستادا وریا بین، لەبەر ئەوەی پارتی بە تایبەتی مەسرور، بە ڕاستی لە دڵەڕاوێکدان، چونکە نازانن هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت. ئەوان دەزانن ئێمە بۆ هەڵبژاردن یارمەتی لە بەغدا و دراوسێکانمان وەردەگرین، بەڵام ناتوانن بیسەلمێنن.
- بافڵ تاڵەبانی: یەک شتت پێ دەڵێم، ناتوانم چاوەڕێ بکەم تاوەکوو دەموچاوی مەسروری لەخۆبایی ببینم کاتێک لە هەڵبژاردنەکاندا (...!). ئەو هەمیشە بە چاوێکی کەم سەیرمان دەکات، وایان لێ دەکەین کارەکانی خۆیان دەردخوارد دەدەین.
- قوباد تاڵەبانی: بەڵێ، هاوڕام، بەڵام وەک دەزانیت پارتی گوشار لەسەر بەغدا دەکات، هەوڵ دەدات شتەکان بەڕێی خۆیدا بڕوات.
- بافڵ تاڵەبانی: کاکە، بەغدا گوێ لە ئێمە دەگرێت، سوپاس بۆ کاریگەریی دراوسێکانمان. بە ڕاستی گرنگ نییە بۆ پارتی هەوڵی چی دەدات لە بەغدا، ئەگەر شتێک بۆ ئێمە گونجاو نەبێت، زۆر بە ئاسانی تەنها گەشتێک دەکەم بۆ بەغدا و هەموو شتێک ڕادەگرم و (...!).
لیژنەی باڵای پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: لە خستنەڕووی ئەم بەڵگەیەدا، ڕوو لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق، هاووڵاتیانی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکان، تێکۆشەران، چاودێران، ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین و ئەم ڕاستییەیان دەخەینە بەردەست، ڕاستییەک کە ڕووی ڕاستەقینەی (بافڵ و قوباد) بۆ هەمووان ئاشکرا دەکات. بەڵێ ئەمەیە هەقیقەتی (بافڵ و قوباد)، ئەو دوو تازە هەڵتۆقیوەی دونیای سیاسەت، کە ڕۆژێک بۆ کوردایەتیی زەحمەتیان نەکێشاوە و، هەرچی تێکۆشەری نێو حزبەکەیانە، یا سووکایەتییان پێکردوون، یا بێزار و تەریک و پەراوێز و دەریان کردوون، تا لە ڕێی ئەم جۆرە پیلان و سەفقە دوژمنکارانەیان دژ بە هەرێمی کوردستان کار بکەن و ناوبانگی دیموکراسیی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ناشیرین بکەن".
وا بڕیارە 20ـی ئۆکتۆبەر، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت. لە 25ـی مانگی ڕابردووە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.