دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا بەڕێوە دەچێت

دیمەنێکی یەکەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا
دیمەنێکی یەکەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا

لە ڕۆژانی 10 بۆ 13ـی ئەم مانگە، دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا بەڕێوە دەچێت. بێجگە لە نیشاندنی بەرهەمی جووتیاران، چالاکییەکی هونەری بەڕێوە دەچێت و پێشانگایەکی فۆتۆگرافیش دەکرێتەوە. 

ڕۆژی پێنجشەممە، 10-10-2024، دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا، لە گوندی بریفکای سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.  

فەهمی بالەیی، گوتەبێژی فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەروارد بەوەی ساڵی ڕابردوو جیاواز دەبێت، بەو پێیەی 100 خێوەت بۆ نیشاندانی بەرهەمە خۆماڵیەکان دانراون، بازارێکی ئازاد و شوێنێکی تایبەتیش وەکوو چێشتخانە بۆ فرۆشتنی خواردنە کوردەوارییەکان دەکرێتەوە". 

گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش دا: "بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمە بۆ ناساندنی بەرهەمی جووتیارانی دەڤەرەکەمان و دەڤەرەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و بە بازاڕکردنیان هەم لە ناوخۆ و هەمیش هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات". 

لە فێستیڤاڵەکەدا، بێجگە لە نیشاندانی بەروبوومی جووتیاران، چالاکییەکی هونەریش بە بەشداریی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە دەچێت. 

بەشداریی هونەرمەند و گرووپە هونەرییەکان لە چالاکییەکەدا:

- ڕۆژهەڵاتی کوردستان: گرووپی ژنانی سنەی هونەری.

 - ڕۆژاوای کوردستان: هونەرمەند سەفقان ئورکێش.

- باشووری کوردستان: هونەرمەند حەسەن شەریف، گرووپی دهۆکی میللی و گرووپی کریستییانەکان.

- باکووری کوردستان: هونەمەند هۆزان سەرڤان و گرووپی گەڤەری هونەری.

 

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا، وەکوو ئەوەی بالەیی خستییە ڕوو، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دەکرێتەوە کە تێیدا وێنەی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەروبوومە خۆماڵییەکان، ناوچە شوێنەوارییەکان و کاری دەستی ئافرەتان نیشان دەدرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment