بەشێک لە دانیشتوانی گوندی کانیماران بە بەخێوکردنی گامێشەوە سەرقاڵن
گوندی کانیماران خاوەنی بەرهەمێکی زۆری شیرەمەنییە و باشترین بەرهەمی ماستی گامێشی هەیە.
دەیان ساڵە دانیشتوانی گوندی کانیماران کە دەکەوێیە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین بە بەخێوکردنی گامێشەوە سەرقاڵن، بەوهۆیەوە گوندەکە خاوەنی زۆرترین بەرهەمی شیرەمەنییە، بەتایبەتی ماستی گامێش.
ڕێبواران کە بە گوندەکەدا تێدەپەڕن دادەبەزن و داوای ماستی گامێش دەکەن، چوونکە دەزانن ئەو ماستەی لەو گوندە هەیە لە هەموو جێیەکی دیکە دەست ناکەوێت.
داود عەزیز, هاووڵاتییەکە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: "هەرجارێک لەو گوندەوە تێدەپەڕێت دادەبەزێت و ماست دەکڕیت و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە".
دەیان ساڵە دانیشتوانەکەی گامێش بەخێودەکەن، گامێشیش حەزی لە ئاوە بۆ حەوانەوە و خۆفێنک کردنەوە، ئەو گوندەگەش سەرچاوەی ئاوی زۆرە.
بوونی گامێشی زۆر لەو گوندە وایکردووە لەسەر ڕێگەی گشتیی گوندەکە و دەکەوێتە سەر ڕێگای گشتیی ڕانیە سلێمانی و ڕانیە هەولێر، چەندان دوکانی فرۆشی ماست و بەرهەمە شیرەمەنیەکان کراونەتەوە و ئەو کەسانەی لەو ڕێگایەوە تێدەپەڕن زۆرینەی جار ماست، بەتایبەت ماستی گامێش بۆ خۆیان یان بۆ دۆست، بە دیاری دەبەنەوە.