لەم چەند ڕۆژەدا مووچەی مانگی ئەیلوول دابەش دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول خەرج دەکات و دواتر دەستبەجێ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە دەکەن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-10-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەواوی لێبڕینەکانی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە".

لەبارەی وادەی خەرجکردنی ئەو لێبڕینانە، سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد "وەزارەتی دارایی عێراق هەندێک تێبینی هەبوو، ئێمە زانیاریی و وردەکاریی تەواومان پێ دوان و چاوەڕێین لەم چەند ڕۆژەدا تەواوی لێبڕینەکان خەرج بکرێن؛ ئەگەر خەرج کران، کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ دەکەینەوە و دەستبەجێ مووچەکە دابەش دەکەین". 

ڕۆژی دوو شەممە، 07-10-2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.     

کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار؛ بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.     

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 960 ملیار دینار.