پارێزگاری هەولێر: سەرۆک وەزیران مژدە بەخەڵکی کۆیە دەدات کە ڕێگەی مەرگ دەکاتە ڕێگەی ژیان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە دادەنێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی هەولێر- کۆیە ڕایگەیاند: "ئەمرۆ ڕۆژێکی خۆشە بۆ ئێمەی خەڵکی هەولێر و کۆیە، بەتایبەتی کە یەکێک لە ئاواتەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەست پێ دەکات".

گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیدگەو تێڕوانینەکانی سەرۆک وەزیران، لەناو ئەو هەموو قەیران و لەمپەرانەی بۆی دروست دەکرا، ئەو قەیرانەکانی دەکردە دەرفەت و دەرفەتەکانیشی کردە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵک".

پارێزگاری هەولێر  ئاماژەی بەوەش دا: "ڕێگەی هەولێر-کۆیە کە پێی دەگوترا ڕێگەی مەرگ، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مژدە بەخەڵکی کۆیە و هەولێر دەدات، کە رێگەی مەرگ دەکاتە ڕێگەی ژیان و ڕێگەی خۆشگوزەرانی".

ئومێد خۆشناو  باسی لەوەش کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆژەکە بە کوالیتییەکی بەرز و بە کاتێکی کەم دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

ڕێگەی هەولێر- کۆیە بەدرێژایی 38 کیلۆمەتر هەردوو شارەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گوژمەی پرۆژەکەش 403 ملیار دینارە و لەماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ڕێگەکە 32 مەتر پانە و بە کوالیتی و دیزانێکی سەردەمیانە دروست دەکرێت. لەگەڵ دروستکردنی شەقامەکەدا پردێکی نوێ بە درێژی 250 مەتر لەگەڵ پێنج ئۆڤەر پاس دروست دەکرێت کە ناوچەکانی نزیک شەقامەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment