یونیسێف: زیاتر لە 370 ملیۆن کچ و ئافرەت، بەر لە تەمەنی 18 ساڵی دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر

یونیسێف لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە: "370 ملیۆن کچ و ئافرەت لە تەمەنی منداڵیدا تووشی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە، بەمەش لە هەر هەشت کچ یان ئافرەتێک یەکیان تووشی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، توندوتیژی سێکسی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار لە سەرانسەری جیهاندا".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "زیاتر لە 370 ملیۆن کچ و ئافرەت لە سەرانسەری جیهاندا لە تەمەنی منداڵی، یان هەرزەکاریدا تووشی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە، ڕاشیگەیاندووە، ئەو تاوانە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار".

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە: "زیاتر لە 370 ملیۆن کچ و ئافرەت کە ئەمڕۆ لە ژیاندان، یان لە هەر هەشت کەسێک یەکێکیان، پێش تەمەنی 18 ساڵان تووشی دەستدرێژی بوونەتەوە".

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە: "ژمارەی کچان و ئافرەتانی تووشبوو بەجۆرەکانی دیکەی دەستدرێژیی سێکسی بەرزبووەتەوە بۆ 650 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا، واتە یەک لە هەر پێنج کەس، ئەگەر جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی بێ بەرکەوتن، وەک زارەکی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بژمێردرێت".

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە، کاترین ڕاسل، "توندوتیژیی سێکسی دژی منداڵان بە دەستدرێژییەک کە ویژدان بەرگەی ناگرێت" وەسف دەکات.

لە بەیاننامەکەدا لە زاری ڕاسلەوە هاتووە: "ئەم هێرش و دەستدرێژیانە دەبێتە هۆی زەبر و زەنگی قووڵ و بەردەوام"، گوتیشی: "ئەو کەسەی دەیکات، زۆرجار کەسێکی متمانەپێکراوە، لەو ژینگانەی کە منداڵەکە هەست بە سەلامەتی دەکات".

ڕاگەیاندنی ئەم ڕاپۆرتە یەکەم خەمڵاندنی جیهانی و ناوچەییەکانە سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان، کە 11ـی ئۆکتۆبەر  "ڕۆژی نێودەوڵەتی منداڵانی کچ"ـە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە.

زۆرترین قوربانی لە باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقایە، کە 79 ملیۆن کچ و ئافرەتی گەنج تووشبوونە، بەم جۆرە لە هەر پێنج ئافرەتێکی ئەم ناوچەیە یەکێکیان بووەتە قوربانی دەستدرێژیی سێکسی یان دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر لە پێش تەمەنی 18 ساڵیدا.

ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە پلەی دووەمدا هاتووە کە 75 ملیۆن کچ و ئافرەتن، هەروەها ژمارەی قوربانییەکان لە ئاسیای ناوەڕاست و باشوور گەیشتووەتە 73 ملیۆن کەس، 68 ملیۆنیش لە ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور بوونەتە قوربانی، 45 ملیۆن لە ئەمەریکای لاتین و کاریبی و 29 ملیۆن لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەش ملیۆنیش لە دوورگە جیاوازەکانی ئۆقیانووسەکاندا بونەتە قوربانی دەستدرێژی سێکسی.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment