کوردستان24 ساختەکارییەکی یەکێتی لە هەڵەبجە ئاشکرا دەکات

شاری هەڵەبجە (وێنە: ئەرشیف)
شاری هەڵەبجە (وێنە: ئەرشیف)

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگە تۆمارکراوەکەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای لەسەر ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن، یەکێتی دوو ڕۆژە لە مەڵبەندی هەڵەبجە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەی لە سنووری پارێزگاکە کۆکردووەتەوە و کارتی دەنگدانەکانیان لێوەر دەگرن و هەر لە ئێستاوە بە کردەیی دەستیان بە ساختەکاری کردووە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، دوو ڕۆژە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە لە سنووری هەڵەبجە لە بارەگای مەڵبەندی یەکێتی دەنگدانیان پێدەکرێت، سەرجەمی هێزەکان لە هۆڵی مەڵبەندی یەکێتی لە هەڵەبجە کۆکراونەتەوە و دوای خوێندنەوەی ناوەکانیان، کارتی دەنگدانیان لێوەر دەگرێت و ئەفسەرێک لە جیاتی یەک بە یەکی هێزە ئەمنیەکان دەنگ کاندیدێکی وەهاب هەڵەبجەیی لە لیستی یەکێتی دەدات.

هەروەها لە پرسگەی مەڵبەندیش موبایل و هەموو ئامێرێکی زیرەک لە یەک بەیەکی ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان وەردەگیرێت و هەڕەشەشیان لێکردوون، ئەگەر لە دەرەو باسی ئەوە بکەن لە نێو مەڵەندی یەکێتی چی دەگوزەرێت، دەستگیر دەکرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا هەشت ڕۆژ ماوە لەبەردەم دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها 8ی تشرینی یەکەمی 2024، لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ تۆمارێکی دەنگیی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی تایبەتی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانیی برای بڵاو کردەوە کە بە زمانی ئینگلیزیی قسە دەکەن و باس لە ساختەکاری و داڕشتنی پلانێک بۆ زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتیی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکی یەکێتی باسی هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی کۆتای پەرلەمان دەکات و بە قوبادی برای دەڵێت، بەرپرسانی بەغدا "30 کورسی"یان بۆ یەکێتی "زامن کردووە"، بەڵام دەبێت وا نیشانی بدەین کە ئەو کورسییانە بە شێوەیەکی شەرعی بە دەست دەهێنین. 

هەر لە تۆمارە دەنگییەکەدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: کاکە گوێ بگرە، ئێمە ئەم یارییە دەکەین، بەڵام ئەوەی لای من جێی بایەخە، پێشوەختە کورسییەکانمان بۆ زامن کراوە، پێویستیمان بە دەنگی هیچ (خوێڕییەک) نییە. من لە هیچ کەس سواڵ ناکەم کە دەنگ بدات، هیچ بۆم گرنگ نییە شەهید، یاخود ماڵی شەهیدی (...!)، یاخود پێشمەرگەی (...!). ئەگەری زۆرە دەچن و دەنگ هەر بەو لاهورە (...!)ـیە دەدەن. 

هەروەها دەڵێ "بەڵێنیان پێداوم "11 کورسیی کۆتای پەرلەمان" هەڵبوەشێننەوە".

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment