زیاد ڕەزا: لە سلێمانی حزبی حاکم لە دیارنەمانی داهاتی ئەو سنوورە بەرپرسیارە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "داهات لە سنووری سلێمانی وەکو خۆی کۆنەکراوەتەوە و حزبی حاکم خۆی کردووەتە جێگرەوەی حکوومەت، کە بەهۆیەوە داهاتی ئەو سنوورە دیار نەماوە".
زیاد ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی حکوومەتدا، لەسەر ئەو ڕێککەوتووین کە داهاتی ناوخۆ کۆ بکرێتەوە تاوەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابین بکات".
گوتیشی: "بەداخەوە داهات لە سنووری سلێمانی وەکو خۆی کۆ نەکراوەتەوە و حزبی حاکم خۆی کردووەتە جێگرەوەی حکوومەت، لە ئەنجامدا داهاتی ئەو سنوورە دیار نەماوە، هەروەها دەسەڵاتی سنووری سلێمانی هاوکاری حکوومەت نەبوون بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات".
زیاد ڕەزا، ئاماژەی بەوەش دا: "بەهۆی کەمبوونەوە و دیارنەمانی داهاتەکان، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش لە کورتیاندا و کە زۆرێک لە پرۆژەکان هەر وەستان". دەشڵێت: ئێمە وەکو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، چەند جارێک داوای داهاتی شارەکەمان کرد، بەڵام بەداخەوە کەس بەدەممانەوە نەهات.
باسی لەوەش کرد: "جارێکیان خۆم 16 ئیمزای ئەندامانی ئەنجوومەنم کۆکردەوە و ڕادەستی سەرۆکی ئەنجوومەنم کرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش هیچ وەڵامێکم دەست نەکەوت، کە ئەوکات سەرۆکی ئەنجوومەن پێی گوتم بە هەفتەیەک هەموو داهاتەکانتان بۆ دەهێنین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند: "ڕوون و ئاشکرایە داهاتی سلێمانی ناخرێتە خزمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو خزمەتی هاوولاتیانی پێ بکرێت، لەبەر ئەوەی یەکێتی دەسەڵاتدارە لە سلێمانی ئەوان بەرپرسیارن لە نەبوونی خزمەتگوزاری، دەبێت هاووڵاتیان ڕوو لەو حزبە بکەن بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییەکان".