ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەریی بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی پارتی لە دهۆک بەڕێوەچوو
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەریی بۆ سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ شەممە، 12-10-2024، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری لە نێو یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو.
چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە گوتارێکدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد کە لە 25ـی ئەیلوول، کە ڕۆژی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاری دا نەهێلی ئیرادەی بشکێت و خۆی نەچەماند.
سەرۆک بارزانی گوتی: "لەم ڕۆژەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستی پێ کرد و هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدەکان دەکەم. پشت بەخوای گەورە و بە هیممەتی دڵسۆزانی کوردستان و بەفەرموودەی بارزانی نەمر (هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە)، بە هیممەتی پارتییەکان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕۆژی 20 ی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین. دەبێت بڕواتان بەخۆتان هەبێت و بە ئومێدی بەرزەوە و متمانەی بەهێزەوە خۆتان ئامادە بکەن، دەبێت زیاتر بڕواتان بە سەرکەوتن هەبێت و نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە، پێویستە هەر یەکێک لە ئێوە خۆی ئامادە بکات سەر بکەوێت و سەریش دەکەوین، پشتیوان بەخوا".
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.