سیداد بارزانی: هیچ لایەنێک هێندەی پارتی و سەرۆک بارزانی هەست بە ئازارەکانی هەڵەبجە ناکات
نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەڵبجە، ڕایگەیاند: "هیچ کەس و لایەنێک بەقەد سەرۆک بارزانی هەست بە ئازارەکانی خەڵکی هەڵەبجەی شەهید ناکات و هیچ لایەنێک وەک سەرۆک بارزانی نرخ و بەهای ئەم شارە دووجار شەهیدە نازانێت".
شەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2024، سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: "هەڵەبجە بووەتە ڕەمزێکی مێژووی ئازار و نەهامەتی کە لە دژی گەلەکەمان کراوە، هەڵەبجە پێناسەیەکە بۆ هەموومان".
نوێنەری سەرۆک بارزانی دەڵێت: "هەڵەبجەییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورددا گێڕاوە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە هەڵەبجە قەڵایەکی سەرسەختی دوژمن بووە و خەڵکەکەشی پشتیوانی پارتی و بارزانی نەمر بوونە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دوژمن لە نیسانی ساڵی 1974 بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، بۆمبارانی ئەم شارەی کوردستان بکات".
دەشڵێت: "ئێمە لە بیرمان نەکردووە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور لە شۆرشی گوڵانیشدا پشتیوانیی شۆڕش و پارتی بوون. ئەم دەڤەرە بووە مەیدانی دوژمنبەزێن بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەڵەبجە هەردەم دڵسۆز و وەفاداری پارتی و بارزانی بووە. تاوانی کیمیاباران کردنی ئەم شارەش زەرەیەک لە ئیرادەی خەباتگێڕی کەم نەکردووە، خەڵکی هەورامان و هەڵەبجە و شارەزوور لەم ڕۆژگارە تاریکەشدا پشتیوانیی بارزانی و کوردایەتی بوون".
گوتیشی: "پارتی و سەرۆک بارزانی هەگیز ئەو باوەشە گەرمەی خەڵکی هەڵبجە لە بیر ناکەن، بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕین بوونە پشتیوانێکی بەهێز، بۆ پارتی و پێشمەرگەکانی، هەروەها بۆ داکۆکی و پەرلەمانە یاساییەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: "هیچ کەس و لایەنێک بەقەد سەرۆک بارزانی هەست بە ئازارەکانی خەڵکی هەڵەبجەی شەهید ناکات، هیچ لایەنێک وەک سەرۆک بارزانی نرخ و بەهای ئەم شارە دووجار شەهیدە نازانێت، چونکە ئێمە لەگەڵ ئێوە و تەواوی خەڵکی کوردستان لە گەرمیانەوە تا بادینان و بارزان قوربانی گەورەمان داوە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی، بۆیە لە ئێش و ئازارەکانتان دەگەین، دەزانین قورسایی جینۆساید و کیمیاباران و ئەنفال چەندە. ئێمە دەتوانین بە زامن کردنی ئارامیی و ئاوەدانی کەم بکەینەوە و بە پێکەوەییمان برینەکان ساڕێژ بکەین، کۆڵنەدەین تا وڵاتمان سەر دەخەین".