میقداد میری: دەست بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە دەربەندیخاندا گیرا و تۆمەتبارانیش دەستگیر کران

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، زانیارییان پێگەیشت لەبارەی هەبوونی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری سلێمانی و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکرد و کارگەکە دەستی بەسەردا گیرا و تۆمەتبارانیش دەستگیر کران.
یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە زانیاریمان پێگەیشت سەبارەت بە هەبوونی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە دەربەندیخان، بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی کارکردنی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسەکە پێک هێنرا.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان یارمەتی دەربوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی پرسەکە، هاوکات دەستمان بەسەر کارگەکەدا گرت و ژمارەیەک تۆمەتباریش دەستگیر کران.
هاوکات گوتیشی: لە هەر شوێنێکی عێراق و هەرێمی کوردستان، کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر هەبێت دەستی بەسەردا دەگرین، تۆمەتبارانیش دەستگیر دەکەین.
پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، دژە تیرۆری کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە گوندی ئاوباری ناحیەی مەیدان لە نزیک قەزای دەربەندیخان لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەستی بەسەردا گیرا، جگە لە ئامێر و دەزگاکانی کارگەکە، نزیکەی دوو تۆن لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆنی بەرهەمهێنراوی ئەو کارگەیەی تێدابووە.
دژە تیرۆری کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەم کارگەیە بە ئاگاداری و لەژێر سەرپەرشتیی سەرانی تازەی (ی. ن. ک) دامەزرا بوو، دەسەڵاتدارانی سلێمانی هەموو هەوڵێکی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ خستەگەڕ تا چاوپۆشییان لێ بکرێت و بابەتەکە لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان بشاردرێتەوە یاخود بە قەبارەیەکی گەورە باس نەکرێت.