سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوان دەرکرد

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێم بە فەرمانی ژمارە (336) لێبووردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد.
یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، بەپێی بڕگەی (6) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە (336) دەرکرد کە لێبوردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەپێی ئەو فەرمانە (17) حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکانیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی سەرۆکی هەرێم دەیانگرێتەوە.
هاوکات ڕوونی کردەوە، کە ئەو فەرمانە دەرئەنجامی ڕاسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان.
گوتیشی: لێژنەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکانیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون.