یەکێتیی ئەورووپا بە یاسا دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران خێراتر دەکات

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە نامەیەکدا بۆ 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کە ئێوارەی دووشەممە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند: "کۆمیسیۆنەکە یاسایەکی نوێ پێشنیار دەکات کە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی خێراتر دەکات".
ڤۆن دێر لاین لە نامەکەیدا نووسیویەتی:" لەسەر داوای چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، کۆمیسیۆن پێشنیاری یاسایەکی نوێی خستووەتە ڕوو کە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی ئاسان دەکات".
ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستمان بە چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ هەیە بۆ بەهێزکردنی جووڵەکەمان".
ڤۆن دێر لاین. ئەم پەیامەی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ناردووە پێش کۆبوونەوەی لووتکەی ئەورووپا کە بڕیارە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە برۆکسل بەڕێوە بچێت، کە بەشێکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی کۆچبەری تەرخان دەکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، برۆکسل پێشنیاری ئاسانکاری بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی دەکات، بەتایبەتی بە گرتنەبەری سیستەمێک کە بەپێی ئەو سیستەمە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دان بە هەر بڕیارێکی دیپۆرتکردنەوەدا بنێن کە لەلایەن هەر وڵاتێکی ئەندامەوە بدرێت.
ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەبێت ئاستێک لە هەماهەنگی و متمانە دروست بکەین کە دڵنیابێت لەوەی هەر کۆچبەرێک کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتێک بۆ دەرچووە، نەتوانێت کەلێنەکانی سیستەمەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە دیپۆرتکردنەوە ڕزگار بکات".
سەرۆکی کۆمیسیۆن دانی بەوەدانا: "کەمتر لە 20%ـی بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت".
ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە: "یەکێتیی ئەورووپا هەوڵدەدات هاوکاری وڵاتانی سێیەمی پەیوەندیدار بە کۆچی نایاسایی بکات، هەروەها چەندین شێواز بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەکاردەهێنێت، لەوانە قورسکردنی ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی هەر وڵاتێک کە ڕەتیدەکاتەوە هاوکاری لەم کارەدا بکات".
ئاشکراشی کرد: "هەمەهەنگی سیاسەتی ڤیزا سەلماندوویەتی کە ئامرازێکی گرنگە لە کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی بۆ یەکێتیی ئەورووپا".