لیژنەی باڵای ئەمنیی: لە ڕۆژی دەنگداندا بردنەژوورەوەی مۆبایل و کامێرا قەدەغەیە
چوارشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2024، لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "لە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیدا، مۆبایل و کامێرا بۆ بنکەکانی دەنگدان لەگەڵ خۆتان مەبەن، چونکە قەدەغەیە و ڕێگا پێدراو نییە."
هەروەها ڕاشیگەیاند: "هەر کەسێک موبایل، یاخود کامێرا لەگەڵ خۆی بۆ بنکەی دەنگدان ببات، کارمەندانی پۆلیس هەر لە دەرگای بنکەکانی دەنگداندا ڕێگەیان پێ نادەن بیبەنە ژوورەوە."
بڕیارە هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، بە بەشداریی 215 هەزار ئەندامی هێزەکانی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامە کوردەکانی نێو هێزەکانی سوپای عێراق، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت ئامادەکراون و دابەشی سەر 165 بنکە و 749 وێستگە کراون و پرۆسەی دەنگدانیش لە کاتژمێر7ـی بەیانی بۆ 6ـی ئێوارە دەبێت.
هەروەها جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، بۆ یەکەمجارە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەرانی تایبەت، دەتوانن لە هەشت پارێزگای عێراق دەنگ بدەن.
بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ ڕۆژ هەینی بەم شێوە دابەش کراون:
دەنگدانی تایبەت لە هەولێر
62 بنکە
306 وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی
57 بنکەی
276 وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە دهۆک
33 بنکە
142 وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە
یەک بنکە
سێ وێستگە
بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ ڕۆژ هەینی لە سنووری پارێزگاکانی عێراق بەم شێوە دابەشکراون:
دەنگدانی تایبەت لە کەرخ – بەغدا
دوو بنکەی دەنگدان
هەشت وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە ڕەسافە - بەغدا
یەک بنکە
دوو
دەنگدانی تایبەت لە نەینەوا
چوار بنکە
پێنج وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک
یەک بنکە
دوو وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە دیالە
یەک بنکە
یەک وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە ئەنبار
یەک بنکە
یەک وێستگە
دەنگدانی تایبەت لە واست
یەک بنکە
یەک وێستگە
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کۆی گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرن، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.