بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشی کردە سەر ئیلات لە باشووری ئیسرائیل

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ئیلات لە باشووری ئیسرائیل.

لە بەیاننامەیەکدا، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و پاڵپشتیی گەلی فەڵەستین و لوبنان، هەروەها لە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر خەڵکی سڤیل دەکرێت، لەوانەش منداڵ، ژن و بەساڵاچووان، بەرەکەمان، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئۆکتۆبەری2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئامانجێکی گرنگ لە ئوم ڕەشڕەش، ئیلات، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیر کراوە."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بەرەی مقاوەمە ئیسلامی جەخت دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لەناوبردنی مۆڵگەکانی دوژمنە بە خێرایی و بەردەوامیشن."

هەروەها دوێنێ بەرەی مقاوەمەت عێراق ڕایگەیاند، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر باکووری ئیسرائیل.

بەرەی مقاوەمە لە عێراق چەندان مانگە هێرش دەکاتە چەند شوێنێکی گرنگی ئیسرائیل وەک کاردانەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.