زانکۆی سەڵاحەددین پێویستی بە مامۆستایەکی پسپۆڕی زمانی چینییە

زانکۆی سەڵاحەددین
زانکۆی سەڵاحەددین

زانکۆی سەڵاحەددین هەلی کار بۆ مامۆستایەکی زمانی چینی بە شێوازی گرێبەست رادەگەیەنێت. هاوکات بۆ ئەمساڵی خوێندن 188 قوتابی لەو بەشە دەخوێنن و تاوەکو ئێستاش 25 قوتابی لێی دەرچوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، د. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆلێژی زمان لە زانکۆکەیان لە شاری هەولێر، پێویستی بە مامۆستایەکی پسپۆڕ لە زمانی چینی هەیە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین داوای لە کەسانی شیاو و خاوەن بڕوانامەی زانستی کرد داواکاری پێشکەش بکەن، بەو مەرجەی پسپۆڕییان لە بواری فێرکردنی زمانی چینی هەبێت و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بن لەو زمانە یان بوارێکی پەیوەندیدار پێوەی. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، جۆری دامەزراندنەکە بە شێوازی گرێبەست دەبێت و وەرگرتنی داواکاری بەردەوام دەبێت تاوەکو پڕکردنەوەی هەلی کارەکە. کاندیدەکان دەتوانن لە رێگەی ئیمەیڵی ([email protected]) داواکارییەکانیان بنێرن.

سەبارەت بە رەگەزنامەی مامۆستاکە، زانکۆی سەلاحەدین باسی لەوە کرد، هیچ کێشەیەک نییە ئەگەر مامۆستاکە کورد بێت یان خەڵکی وڵاتی چین بێت. لە ئێستادا بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین دوو مامۆستای چینی و یەک مامۆستای کوردی هەیە وانەی زمانی چینی دەڵێنەوە، لەگەڵ مامۆستایەکی دیکە بۆ وانەکانی وەک کۆمپیوتەر و بابەتە گشتییەکان.

دەربارەی ئاماری قوتابیانی بەشی زمانی چینی، سامان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027، کۆی گشتیی قوتابیان دەگاتە 188 قوتابی و لە خوێندن بەردەوامن. دابەشبوونی قوتابیانیش بەم شێوەیەیە:

- 60 قوتابی لە قۆناخی یەکەم.
- 60 قوتابی لە قۆناخی دووەم.
- 41 قوتابی لە قۆناخی سێیەم.
- 27 قوتابی لە قۆناخی چوارەم.

 بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا 25 قوتابی لە بەشی زمانی چینی دەرچوون.

بەشی زمانی چینی لە کۆلێژی زمان سەر بە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر، لە ساڵی 2019 دامەزراوە. ئەم بەشە بە یەکەمین ناوەندی ئەکادیمی دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بۆ فێربوونی زمانی چینی کراوەتەوە. کردنەوەی ئەم بەشە هاوکات بوو لەگەڵ پێشکەوتنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین، بۆیە زانکۆی سەلاحەدین بە گرنگییەوە رووی لە پێگەیاندنی کادری ناوخۆیی کرد بۆ ئەو زمانە. 

پێشتر کونسوڵخانەی چین لە هەولێر چەندین جار پشتگیریی خۆی بۆ بەشەکە راگەیاندووە و هاوکاریی لۆجستی و زانستی پێشکەش بە قوتابیان و زانکۆکە کردووە. دەرچووانی ئەم بەشە دەتوانن لە بوارەکانی وەرگێڕان، بازرگانی، گەشتیاری و دیپلۆماسیدا رۆڵی گرنگ ببینن و ببنە پردێکی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیا چینییەکان و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.