ئەمەریکا بە فڕۆکەی " B-2" هێرشی کردە سەر جبەخانەی حووسییەکان

 

پنتاگۆن ڕایگەیاند، ئەمەریکا شەوی چوارشەممە بە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی جۆری " B-2" هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر جبەخانەی گرووپی حووسییەکان  لە یەمەن.

لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمەریکا ژمارەیەک دامەزراوەی ژێرزەمینیی حووسییەکان، کە وەک جبەخانە بەکار دەهێنران، بە فڕۆکەی B-2 بۆمباران کرد."

ئاماژەی بەوەش کرد: "هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، بە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی جۆری (B-2)  هێرشێکی وردی کردووەتە سەر پێنج جبەخانەی ژێرزەوینی"

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە: "ئەم بۆردومانە نیشانەی توانا و هێزی ئەمەریکایە بۆ لێدانی ئەو دامەزراوانە کە لە بەرامبەر هێزەکانمان دەوەستنەوە".

پێشتریش ئەمەریکا و بەریتانیا چەندان جار هێرشیان کردۆتە سەر پێگەی حووسییەکان، بە مەبەستی سنووردارکردنی توانای ئەم گرووپە یاخییانە کە ڕیگریی لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە ئاوەکانی دەریای یەمەن دەکەن؛ بەڵام هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، سەرەڕای هەموو ئەو بۆمبارانە، هەر  بەردەوامە.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا جەختی لەوە کردەوە بەکارهێنانی فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دزێوی دوور مەودای B-2 Spirit  دەرخەری تواناکانی لێدانی جیهانییە کە ئەمەریکا سوودی لێ وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست و لە هەر کاتێکدا و لە هەر شوێنێکدا هەنگاو بەرامبەر هەر ئامانجێک کە بیەوێت بیگرێتەبەر.

لە بەرامبەردا فەرماندەیی سەربازیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) کە بەرپرسە لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "بۆمبارانەکە هیچ زیانێکی گیانی بۆ سەر هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبووە." 

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا سوپای ئەمەریکا 15 هێرشی کردە سەر ئەو پێگانەی کە پەیوەندییان بە حووسییەکانی سەر بە ئێرانەوە هەیە لە یەمەن.

حوسییەکان لە مانگی نۆڤەمبەرەوە نزیکەی 100 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتیانەی کە لە دەریای سوور دەپەڕنەوە و دەڵێن: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانیان پاڵپشتیکردنی فەڵەستینە لە شەڕی ساڵێک لەگەڵ ئیسرائیل لە کەرتی غەززە."

حووسییەکان تا ئێستە دوو کەشتییان نوقم کردووە و  دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و لانیکەم چوار دەریاوانیشیان کوشتووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل