یونیفیل: سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە تەقەی لە تاوەرەکانی هێزی ئاشتیپارێز کرد
هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە تانکێکی ئیسرائیلی تەقەی لە یەکێک لە تاوەرەکانی چاودێری لە باشووری لوبنان کردووە.
یونیفیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تانکێکی مێرکاڤای IDF تەقەی لە تاوەری چاودێریی هێزەکانی ئاشتیپارێز لە نزیک کفرکیلا، کرد، دوو کامێرای چاودێریی تاوەرەکە شکاوە."
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: "جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل تەقەی ڕاستەوخۆ و بە ئەنقەست، لە یونیفیل دەکات."
یونیفیل داوای لە سوپای ئیسرائیل و هەموو لایەنەکان کرد: "سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندان و موڵک و ماڵی نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر بکەن و پێویستە لە هەموو کاتێکدا ڕێز لە پیرۆزی شوێنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن."
ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندان جار کەوتوونەتە بەر تەقە و لانیکەم چوار سەرباز بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە، تانکەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دەروازەی سەرەکی بنکەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان.
زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی بەتایبەتی ئەوانەی لە هێزی یونیفیل بەشدارن، ڕەخنەیان لە ئیسرائیل گرت، بەهۆی ئەو هێرشانەی کە دەیکاتە سەر هێزەکانی یونیفیل لە باشووری لوبنان.
لای خۆیەوە ئیسرائیل یونیفیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە قەڵغانی مرۆیی بۆ حزبوڵلا دروست دەکات، داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردبوو، ئەو هێزانە لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و لە ناوچەکانی پێکدادان دووریان بخاتەوە.