رووماڵ

لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر کێشەی پەنجەمۆر هەیە

عەبدولوەهاب حوسێن، یەک لە سەرپەرشتیارانی بنکەی سامان لەسەر لیستی پارتی
عەبدولوەهاب حوسێن، یەک لە سەرپەرشتیارانی بنکەی سامان لەسەر لیستی پارتی

پەیامنێری کوردستان24 لە بنکەی سامانی شاری هەولێر ئاشکرای کرد: "لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستی پێ کردووە، کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە بنکەکە هەیە و لە دەستپێکی پرۆسەکە تا ئێستا کێشەکە بەردەوامە."

هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستی پێ کرد و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

بنکەی سامان لە هەولێر، 6 وێستگە لەخۆ دەگرێت، 1800 دەنگدەری تایبەت لە بنکەی سامان بۆیان هەیە دەنگ بدەن، هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دەنگ دەدەن.

عەبدولوەهاب حوسێن، یەک لە سەرپەرشتیارانی بنکەکە لەسەر لیستی پارتی  بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەکە بە ڕێکوپێکی لە بنکەکە بەڕێوە دەچێت، نزیکەی 1734 کەس لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە بنکەی سامان دەنگ دەدەن و تا ئێستا 300 دەنگدەری تایبەت دەنگیان داوە."

ئەو سەرپەرشتیارە ئاشکرای دەکات: "گرفتی نەخوێندندەوەی پەنجەمۆر لە بنکەکە هەیە، داوای کرد هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار ئەو کێشەیە چارە بکەن."

دەشڵێت:"پرۆسەی دەنگدان بە دوو خولەک تەواو دەبێت، بەڵام کە پەنجەمۆر نەخوێندرێتەوە، قەرەباڵغی دروست دەبێت و ڕەنگە پرۆسەکە دوا بکەوێت و تەواو نەبێت."

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.