لە کۆیە ئاستەنگ بۆ پەیامنێری کوردستان24 دروست دەکرێت
هێرۆ مەولودی، پەیامنێری کوردستان24 لە کۆیە ڕایدەگەیەنێت: لە بنکەی ئامادەیی کۆیەی کوڕان کە دەنگدانی تایبەتی لێ بەڕێوەد ەچێت، ئاستەنگیان بۆ دروست کراوە.
هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستی پێ کرد و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.
هێرۆ مەولودی، پەیامنێری کوردستان24 لە کۆیە ڕایدەگەیەنێت: "لە بنکەی ئامادەیی کۆیەی کوڕان کە دەنگدانی تایبەتی لێ بەڕێوە دەچێت، ئاستەنگیان بۆ دروست کراوە لەگەڵ ئەوەی بەپێی ڕێگەپێدانی کۆمیسیۆن و ئەو باجەی بە مێدیاکاران دراوە ، مافی ڕووماڵکردنی پرۆسەی دەنگدانیان هەیە، چەند کەسێک لە هێزە ئەمنییەکانی بنکەکە ئاستەنگیان بۆ چوونە ژوورەوەیان بۆ نێو بنکەکە دروست کردووە لەگەڵ ئەوەی تەواوی مێدیاکانی دیکە کرابوونەوە ژوورەوە؛ پاش ئەوەی پەیوەندیمان بە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسۆن کرد، کێشەکە چارە کرا و چووینە نێو بنکەکە."
هێرۆ مەولودی ڕایدەگەیەنێت: "لە سنووری کۆیە 5 هەزار کەس مافی دەنگدانی تایبەتی هەیە،1723 دەنگدەر لە بنکەی ئامادەیی چرۆی کچان دەنگ دەدەن، لە بنکەی ئامادەیی کۆیەی کوڕان 1673 کەسی هێزە ئەمنییەکان بۆیان هەیە دەنگ بدەن، لە بنکەی ئامادەیی کۆیەی کچان 954 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن، لە بنکەی گۆمەشین 813 دەنگدەری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەنگ دەدەن، لە بنکەی هەرمۆتە 805 دەنگدەر دەنگی تێدا دەدەن."
هێرۆ مەولودی ئاشکرای کرد: " چوار بنکەی دەنگدان لەنێو کۆیە هەن، بنکەیەکی دەنگدانیش لە گوندی گۆمەشینە."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.