ئومێد خۆشناو: لە هیچ بنکەیەکی دەنگدان کێشە ڕووی نەداوە
ئومێد خۆشناو،پارێزگاری هەولێر، ڕایدەگەیەنێت "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەشێوەیەکی ئارام و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت."
نیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى 2024.10.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەرى مەروان محمەد نەجاڕ، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و خەسرۆ غازى، بەڕیوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.
لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، جەختی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە و ڕایگەیاند "خۆشبەختانە تائێستا هیچ پێشێلکاریەک تۆمار نەکراوە و پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و کێشەیەکی ئەوتۆ لە هیچ یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ڕووی نەداوە.".
گوتیشى: "پرۆسەکە بەبێ کەموکووڕی و زۆر بەڕێک و پێکی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و لەگەڵ نووسینگەی هەولێری کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەردەوام لە سەر هێڵین بۆ چارەکردنی هەر کێشە و گرفتێک ئەگەر هەبێت."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 2024.10.18، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لە بازنەی هەولێر بۆ دەنگدانی تایبەت ( 48 ) بنكەى دەنگدان دیاریکراوە و لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش 14 بنكە، ( 82 هەزار و 470 ) دهنگدەر بایۆمەتری کردووە و ( 82 هەزار و 88 ) دەنگدەر کارتی بایۆمەترى وەرگرتۆتەوە و دەنگ دەدەن، دووسبەیش یەکشەممە، 2024.10.20، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.