بەهۆی قەرەباڵغییەوە؛ کارمەندان لە بەغدا بە دوو کاتژمێر دەگەنە سەر کارەکانیان

قەرەباڵغیی شەقامەکانی بەغدا
قەرەباڵغیی شەقامەکانی بەغدا

قەرەباڵغیی شەقامەکان و زۆریی  ئۆتۆمبیل، هاووڵاتیانی بەغدای بە تەواوی نیگەران و بێزار کردووە. زۆرینەی هاووڵاتییانی بەغدا لە کاتی ئاساییدا کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێریان پێ دەچێت بۆ چوونە سەرکارەکانیان و لە کاتی گەڕانەوەش هەمان دۆخیان بەسەر دێت.

کاتژمێر و نیوێک یاخود دوو کاتژمێر و بگرە زیاتریشی پێویستە تا زۆرینەی دانیشتووانی بەغدای پایتەخت ڕۆژانە بگەنە سەر کارەکانیان بە پێچەوانەوەشەوە لەکاتی گەڕانەوەدا هەمان شتە. دیاردەی قەرەباڵغی هاووڵاتیانی تەواو بێزار و نیگەران کردووە، بەڵام چارەیان نییە و بووەتە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەیان.

هاووڵاتییەکی بەغدا بە کوردستان24ـی گوت: "قەرەباڵغی کێشەیەکی زۆر گەورەیە، پێش دوو ڕۆژ دوو کاتژمێرم لە ڕێگەی فڕۆکەخانە پێچوو تا لە قەرەباڵغی ڕزگارم بوو. کات لە بەغدا دەستەبەر نییە، نازانیت کەی دەگەیتە شوێنی مەبەست. ئەو کارانەی حکوومەتیش کردوویەتی تا ئێستا بۆ کۆتایهێنان بە قەرەباڵغی هەموویان شکستیان خواردووە." 

هاووڵاتییەکی دیکەش باسی لەوە کرد "ئەگەر بە شێوەیەکی کەسی باسی قەرەباڵغی بکەین، من وەک خۆم لە ناوچەی دۆرەوە بۆ ئەعزەمیە کاتژمێر و نیوێکم پێ دەچێت. ڕۆژانە چەندین ڕێگەی جیاواز تاقی دەکەمەوە بۆ ڕزگاربوون لە قەرەباڵغی. لە کاتێکدا ئەم ڕێگەیەی من لە دۆخی ئاسایدا تەنها چارەکێکە."

هەرچی پەیوەستە بە هۆی ئەو قەرەباڵغییە، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە کە شەقامەکان بتوانن لە خۆیان بگرن، بە گوێرەی ئامارەکان ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان حەوت هێندەی توانای شەقامەکانە. لەبەرامبەردا بەردەوام ئۆتۆمبێلی زیاتر دێتە وڵاتەوە.

هاووڵاتییەکی دیکەش ئەوەی خستە ڕوو "بەغدای ئەمڕۆ لێوانلێوە بە دانیشتووان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و باڵەخانەکان. ژمارەی ئۆتۆمبێل لەم شارەدا کارەساتبارە، چونکە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کارەساتبارە. شەقامەکانیش کۆنن و توانای ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و خەڵکەیان نییە."

لەگەڵ هەبوونی پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بەغدای پایتەخت، سیستەمی هاتوچۆش لاواز و خراپە. چاودێرانیش کەمکردنەوەی قەرەباڵغی بە ئەستەم دەزنن ئەگەر ژمارەیەک شەقامی ستراتیجی و پرد دروست نەکرێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment