یەکێتی قوتابیان چەند بیرۆکە و پیشنیازێک دەداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ڕایگەیاند "توانیمان لە ڕێگەی پرۆژەی 'کاغەزی سپی' بیروڕای قوتابیان بۆ کەرتە جیاوازەکان بخەینە ڕوو، کە هەوڵ دەدەین بیکەیەن کارنامە و بیدەینە کابینەی دەیەم."

نێچیرڤان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە لەدوای گفتوگۆکانمان لەگەڵ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەولێر، بە پێویستمان زانی لەم کاتەدا پرۆژەیەکمان هەبێت، کە پڕۆژەکەمان بەناوی (کاغەزی سپی)یە."

گوتیشی: "زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە گەنجانی کوردستان وەکو پێویست ڕۆڵ ناگێڕن، بۆیە پێمان وایە هۆکارگەلێک لە پشت ئەو قسانە هەیە، ئەگەرنا ئەو قسەیە ڕاستیی تێدا نییە. بۆیە بە پێوستمان زانی ئەو دەستپێشخەرییەی کاغەزی سپی ڕابگەیەنین."

نێچیرڤان حوسێن، ئاماژەی بەوەش کرد "توانیمان لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە بیروڕای قوتابیان بۆ کەرتە جیاوازەکان بخەینە ڕوو، کە قۆناغی یەکەم بیروڕای قوتابیان بوو. قۆناغی دووەم، ئێستا ڕایدەگەیەنین، قۆناغی سێیەم، ئەو بیرۆکانەیە کە قوتابیان لە کەرتە جیاوازەکان خستوویانەتە ڕوو. هەروەها ئەوانە پۆلێن دەکرێت و لە قۆناغی چوارەم کارنامەیەک ئامادە دەکرێت و لە قۆناغی پێنجەمیش کارنامەکە پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەو ئامانجەی لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی بکرێتەوە و ببێتە بەشێک لە کارنامەی کابینەی دەیەم."

سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ڕاشیگەیاند "ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین چۆن بتوانین پەیوەندییەکان لە نێوان بازاری کار و زانکۆکان دروست بکەین، بۆیە لە پڕۆژەیە سەدان بیرۆکەی جیاواز و جۆراوجۆری تێدایە کە دەکرێت لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکرێت، بەوەی ئەوەی ئەرکی حکوومەت بێت، حکوومەت کاری لەسەر بکات ئەوەشی ئەرکی ڕێکخراوەکان بێت ئەوان کاریان لەسەر بکەن." 

دەشڵێت: "ئەگەر زانیمان حکومەت پشت بەو پڕۆژەیە دەبەستێت، ئێمەش لە داهاتوودا پرۆژەکە فراوانتر دەکەین، هەروەها هەماهەنگیمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانیش هەیە."