بە چەند دەنگ کورسییەکی پەرلەمان بەدەست دەهێنرێت؟
لە هەرێمی کوردستان تەنیا 76%ی ئەوانەی لە تەمەنی دەنگداندان بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە و کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، واتە 24% ئەو کەسانەی لە تەمەنی دەنگدانن ڕاستەوخۆ لە دەرەوەی پرۆسەکەن، ئەوانی دیکەش کە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، ژمارەی هەموویان دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 899 هەزار کەس. ئەو ژمارە، دەبێتە پێوەری سەرەکیی بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی بەشداریی، و ژمارەی بەشدارانی پرۆسەی دەنگدان دەبێتە پێوەری سەرەکیی بۆ دەستنیشان کردنی بەهای کورسییەکان.
لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا، دوای داخستنی سندوقەکانی دەنگدان، کۆمسیۆن ئەو ژمارەیە دەکاتە پێوەر کە دەنگی ڕاستە و بێکێشەیە و بە لیستەکان دراوە، واتە دەنگی پووچەڵی لێ دەر دەکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی دەنگی پوچەڵ لە دەنگدانی گشتیدا قەبارەیەکی هێندە گەورەی نییە.
ئەگەر ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە خوار نیوە بێت بۆ نموونە ئەگەر 40% بێت ئەوا بەهای کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان بۆ نزیکەی 12 هەزار و 200 دەنگ دادەبەزێت. بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداریکردنەکە 50% بێت ئەوا بەهای کورسییەک دەگاتە سەروو 15 هەزار و 200 دەنگ. خۆ ئەگەر ڕێژەی بەشداریی دەنگدان بگاتە 60% ئەوا بەهای کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان دەگاتە سەروو 18 هەزار دەنگ.
دەنگدانی هاووڵاتیان لە سنووری هەر پارێزگایەک کە بازنەیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردنە، دەتوانێت بەهای کورسی لەو پارێزگایە بگۆڕێت. بۆ نموونە: ئەگەر لە پارێزگایەکی دیاریکراوی وەکو دهۆک ڕێژەی بەشداریی دەنگدان بەرزتر بێت لە پارێزگاکانی دیکە ئەوا بەهای کورسی لەو پارێزگایە بەرزتر دەبێت لە بەهای کورسی لە پارێزگاکانی دیکە. بەهەمان شێوە ژمارەی دەنگدەران دابەش دەکرێت بەسەر کورسییەکاندا و ئەنجامەکەی دەردەکەوێت. گریمان ڕێژەی بەشداریی لە دهۆک دەگاتە 65% ئەوا بەهای هەر کورسییەک لەو پارێزگایە نزیکەی 18 هەزار و 500 دەنگ دەبێت، بەڵام ئەم بەهایە تەنیا لە سنووری بازرنەی دهۆکی هەڵبژاردن کاری پێ دەکرێت و هەر بازنەیەکی دیکە بەپێی ئاستی بەشدارییەکە و ژمارەی کورسییەکان بەهای کورسی پەرلەمان دەست نیشان دەکرێت.
جیاوازییەک هەیە لەنێوان کاندیدی ناو لیستەکان و کاندیدە سەربەخۆکان، جیاوازییەکە لەوەدایە کە لەناو لیستێکدا ئەگەر بە هەموو کاندیدەکان دەنگیان بگاتە ئاستی بەهای کورسییەک ئەوا لەناو لیستەکەدا کەسێک دەردەچێت. بۆ نموونە: لیستێکی دیاریکراو بە هەموو کاندیدەکان 20 هەزار دەنگ دەهێنن، بەهای کورسییەکیش 18 هەزار دەنگە، ئەوا لەناو لیستەکەدا کام کاندید زۆرترین دەنگی بەدەست هێنابێت کورسییەکە دەدرێت بەو، لەوانەیە ئەو کاندیدە تەنیا بە پێنج هەزار دەنگ ببێتە خاوەنی کورسی.
هاوکێشەکە بۆ کاندیدە سەربەخۆکان تەواو جیاوازە، بەهای کورسی هەرچەند بێت دەبێت کاندیدە سەربەخۆکان ئەوەندە دەنگ بەدەست بهێنن، واتە ئەگەر بەهای کورسییەک 18 هەزار دەنگ بێت ئەوا کاندیدی سەربەخۆ تەنیا بە بەدەستهێنانی 18 هەزار دەنگ دەتوانێت کورسی بەدەست بهێنێت، ئەمەش کارێکی سەختترە بەراورد بە ئەرکی کاندیدی ناو لیستەکان.