رووماڵ

پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی تەمەن 100 ساڵ و خاوەنی "میدالیای بارزانی" لە شارۆچكه‌ی دووکان دەنگی دا

حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی
حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی

پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش به‌ جیاوازی نه‌ته‌وه‌، ئایین، ئایینزا، ڕه‌گه‌ز، ئایدۆلۆژیا و ته‌مه‌نی جیاجیاوه‌ به‌شداری له‌ پرۆسه‌یه‌كه‌دا ده‌كه‌ن و ده‌نگی خۆیان به‌ لایه‌نی دڵخوازی خۆیان ده‌ده‌ن.

كاتژمێر 7ـی سه‌رله‌به‌یانی شه‌ممه‌، 20ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان ده‌ستی پێ كرد و چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش به‌ جیاوازی نه‌ته‌وه‌، ئایین، ئایینزا، ڕه‌گه‌ز، ئایدۆلۆژیا و ته‌مه‌نی جیاجیاوه‌ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌یه‌كه كرد، "حاجی ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی" یه‌كێك بوو له‌و كه‌سه‌ به‌ ته‌مه‌نانه‌ی به‌شداری پرۆسه‌كه‌ی كرد و ده‌نگی به‌ لیستی دڵخوازی خۆی "لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان" دا.

حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی ته‌مه‌نی سه‌د ساڵه‌ و ساڵی 1924 له‌ گوندی یاخییان له‌ ناحیه‌ی بنگرد له‌ قه‌زای دووكان له‌ دایك بووه‌ و له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك براگه‌وره‌ و كوێخای عه‌شیره‌تی جاف بووه‌، هاوكات به‌شداری هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵانی كردووه‌.

سه‌رۆك بارزانی "میدیالیای بارزانی" به‌ حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی ده‌دات/ ساڵی 2010

له‌م باره‌وه‌، كه‌مال حاجی مه‌حموود، كارگێڕی ناوچه‌ی دووكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئامۆزای حاجی فه‌قێ ئیسماعیل یاخییانییه‌، تایبه‌ت به‌ وێبسایتی كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، حاجی ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا فه‌رمانده‌ی لقی پێنجی دووكان بووه‌. 

كه‌مال حاجی مه‌حموود هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ ساڵی 1975 و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتووخواز، ئیدریس بارزانی یه‌كه‌مین نامه‌ی له‌ ڕێگه‌ی كه‌مال كه‌ركووكییه‌وه‌ بۆ حاجی ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی ناردووه‌ به‌مه‌به‌ستی خۆڕێكخستنه‌وه‌ و چالاكیی سیاسیی و خه‌باتی چه‌كداری و شۆڕشگێڕی.

كه‌مال حاجی مه‌حموود هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی باپیره‌ی حاجی فه‌قێ ئیسماعیل په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ شۆڕشی دووه‌می بارزان هه‌بووه‌ و هاوكاریی شۆڕشه‌كه‌ی كردووه‌، كه‌ دواتر ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ كاریگه‌ریی به‌سه‌ر كه‌سایه‌تی حاجی ئیسماعیل دروست كردووه‌ و هه‌ر زوو بووه‌ته‌ ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه‌.

كه‌مال حاجی مه‌حموود باسی له‌وه‌ش كرد، "حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی به‌وپه‌ڕی گڕوتینه‌وه‌ به‌شداری ده‌نگدانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ قه‌زای دووكان، ده‌نگی به‌ لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دا بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌ ئاشتی و ئاسایش بمێنێته‌وه‌."

ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه‌، حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی ئامۆزای ئاگه‌داری بارودۆخی سیاسییه‌ و تا ئێسته‌ ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ گوێبیستی ڕووداوه‌كان ده‌بێت.

حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی ساڵی 2010 و له‌ كۆنگره‌ی سێزده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ "میدالیای بارزانی نه‌مری" پێ به‌خشراوه‌ به‌هۆی به‌شداری و كاریگه‌ری و ڕۆڵی له‌ خه‌باتی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا له‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی.

حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی به‌هۆی ناجێگیری ڕه‌وشی ته‌ندروستییه‌وه‌، ساڵی 2021 پیاوانی عه‌شیره‌تی جافی كۆ كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ بۆنه‌یه‌كی گشتیی ناوخۆییدا، ڕیشسپیاتی و كوێخایه‌تی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی به‌ "حوسێن حاجی مه‌حموود"ـی ئامۆزای سپاردووه‌.

 

حاجی فه‌قێ ئیسماعیل ئیبراهیم حه‌مه‌ئه‌مین یاخییانی له‌گه‌ڵ خزمانی