شەڕی لوبنان تا ئێستە 6.7 ملیار دۆلار لەسەر ئیسرائیل کەوتووە

پێگەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، شەڕی لوبنان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە 6.7 ملیار دۆلاری لە خەزێنەی ئیسرائیل بردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد "تێچووی هەر ڕۆژێکی شەڕکردن لەگەڵ فراوانبوونی شەڕەکەشدا نیو ملیار شیکل تێدەپەڕێت، واتە نزیکەی 135 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا."

باسی لەوەش کرد "فراوان بوونی شەڕەکە بۆ گۆرەپانی باکوور لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە نزیکەی 25 ملیار شیکلی تێچووە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەکە گرانبەهایانەی کە بەکارهێنراون، بۆ کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا." هەروەها لەلایەکیشەوە حکوومەتی ئیسرائیل داوای زیادکردنی بودجە دەکات.

تێچووی شەڕەکە زیادی کردووە، بەتایبەتی بە دامەزراندنی دەیان هەزار سەرباز بۆ ناو هێزە یەدەگەکان، هەروەها هێنانە ناوەوەی چەند تیمێکی شەڕکەر بۆ ناو لوبنان، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ.

بۆ ئەم خەرجییە بەرچاوانە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تێچووی گەورە بەهۆی بەکار هێنانی چەک و تەقەمەنی گرانبەها و زیاد کراوە و پێویستی هەڵدانی سەدان مووشەکی گرانبەهای بەرگریی، بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەرچاوی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە شێوەیەکی سەرەکی لە لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل، هەروەها هەڵدانی مووشەک لە ئێران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراق و یەمەنەوە.

ماڵپەڕی ینێت ئاماژەی بەوە کردووە "تێچووی ئەو تەقەمەنیانەی لە لوبنان بەکاردەهێنرێن زۆرە." لای خۆیەوە بەرپرسێکی فەرمی لە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەو تەقەمەنیانەی بۆ کوشتنی نەسروڵڵا بەکارهێنراون، کە بۆ ماوەی 10 چرکە کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵلای لوبنانیان پێ بۆمباران کرد لە گەڕەکی باشووری بەیروت، تەنیا 25 ملیۆن شیکل تێچووە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا "خەرجییەکانی سوپای ئیسرائیل تا ئەم دواییانە نزیکەی 400 ملیۆن شیکل بووە لە ڕۆژانی شەڕدا، بەڵام لە دوای فراوانبوونی جەنگ لە لوبنان، تێچووەکان زیادیان کردووە تا ئاستی نیو ملیار شیکل لە ڕۆژێکدا تێپەڕاند."

هەروەها تێچووی شەڕکردن لە غەززە جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە، بە هێنانە ناوەوەی هێزی نوێی بەرچاو و فراوانکردنی ناوچە شەڕکەرەکان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، کە کۆکردنەوەی یەکەکانی یەدەگیشی لەخۆگرتبوو.

بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئێستە هیچ سەرچاوەیەکی بودجە بۆ ئەم زیادبوونە خەرجییانە لە بودجەی ئێستەدا نییە، هەروەها دواکەوتن هەیە لە گواستنەوەی نزیکەی 18 ملیار شیکڵ لە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، کە دواخرا بۆ ئەم ساڵ."