پۆلیسی زاخۆ: پلانەکانی ڕۆژانی هەڵبژاردن بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕایگەیاند "دووپلانی پێشوەختەی ئەمنیمان دانا بۆ کاتی هەڵبژاردن، پلانەکان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران."
ڕائید ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پلانی ئەمنی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوو."
گوتیشی: "لە دەنگدانی تایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەشت بنکەی دەنگدانمان هەبوو، هیچ کێشە و گرفتێک نەبوو، هەروەها لە دەنگدانی گشتیش 58 بنکەی دەنگدانمان هەبوو، کە پرۆسەکە زۆر بەشێوەیەکی هێمن بەڕێوە چوو."
ئاماژەی بەوەش کرد "بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئارام، بۆ ئەو پلانە پێشوەختە دەگەڕێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان دایڕژتبوو، پلانێکیان تایبەت بوو بە پاراستنی ئەمنیی سنووری ئیدارەی زاخۆ بەشێوەیەکی گشتی، هەروەها پلانی دووەم پاراستنی بنکەی دەنگدان بوو. سوپاس بۆ خوا هەردوو پلانەکە بەسەرکەوتووی جێبەجێ کران."
کاتژمێر 7ـی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەر چوار بازنەکەی دەنگدان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەستی پێ کرد و دوای 11 کاتژمێر بەردەوامبوونی پرۆسەکە، کاتژمێر شەش، سەرجەم بنکەکانی دەنگدان داخران و پرۆسەکە کۆتایی پێ هات.
دوای شەش ساڵ لە گرفت و کۆسپ لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێداگرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد و دادپەروەرانە، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.