رووماڵ

یەکێتیی ئەورووپا داوای زوو دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان دەکات

نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، پێشوازیی لە هەڵبژاردن دەکات و داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەبەر بەرژەوەندی و یەکڕیزی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان پێک بهێنن. 

نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، لەپەیامێکیدا ڕایگەیاند "پێشوازیی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024 دەکات، کە زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردن دواکەوتووە، هەر بۆیە یەکیتیی ئەورووپا ڕژد بووە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت. چونکە هەڵبژاردن کلیلێکە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئیرادەی سیاسی خۆیان دەرببڕن."

یەکێتیی ئەورووپا, وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کردووە "پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆرباشە" و داوا دەکات پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە زوویی دەست بە کارەکانی بکات.

هەروەها داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات لەبەر بەرژەوەندی و یەکڕیزی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق، حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان  پێک بهێنن. 

 

 

 
 
 
 

کاتژمێر 7ـی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەر چوار بازنەکەی دەنگدان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەستی پێ کرد و دوای 11 کاتژمێر بەردەوامبوونی پرۆسەکە، کاتژمێر شەش، سەرجەم بنکەکانی دەنگدان داخران و پرۆسەکە کۆتایی پێ هات.

دوای شەش ساڵ لە گرفت و کۆسپ لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێداگرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد و دادپەروەرانە، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو.