کۆمیسیۆن سێ لیژنەی بۆ پۆلێنکردنی سکاڵا تۆمارکراوەکان ڕاسپارد
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، سێ لیژنەی پێک هێناوە بۆ جیاکردنەوە و پلەبەندی جۆری سکاڵاکان، کە یەکێک لە لیژنەکان پێداچوونەوە بە سکاڵا تۆمارکراوەکانی هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات، کە کۆی گشتی سکاڵا تۆمارکراوەکانی سەر هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی 189 سکاڵایە.
نووسینگەی سەرۆکی کۆمیسیاران فەرمانی وەزاری ژمارەی 123ی لە بارەی لیژنەکان بڵاوکردووەتەوە کە کۆپییەکی دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 گەیستووە، تیایدا هاتووە "لیژنەکان ئەرکیان جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی سەرجەم ئەو سکاڵایانەیە لە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە لەگەڵ دیارکردنی پلەی مەترسیداری سکاڵاکان."
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەو لیژنەیەی بۆ پێداچووەنەوە بە سکاڵاکانی سەر بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکی هەولێر دەکات، سەرۆکی لیژنەکە، فەیاز یاسین حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە، ئەندامەکانی لیژنەکەش پێکهاتوون لە هەر یەک لە موهەنەد عەبدوڵلا محەممەد، مەروان ڕیاز عەزیز، سەفا محەممەد کامل.
هەروەها ئەو لیژنەیەشی پێداچوونەوە بە سکاڵا تۆمارکراوەکانی سەر هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەن، پێکهاتوون لە ئەحلام عەدنان لفتە سەرۆکی لیژنە و ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەندامەکانی لیژنەکەش پێکهاتوون لە فەلاح حەسەن سەریح، عەلا حسێن مەهدی، مویەد شویل عبێد.
ئەو لیژنەیەشی پێداچوونەوە بە سکاڵاکانی سەر بازنەی دهۆک دەکەن، لەلایەن فەتاح محەممەد حسێن سەرۆکایەتی دەکرێت، کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنە، سێ ئەندامەکەشی پێکهاتوون لە ئازاد نزار مزرە، حەسەنین لەیس محەممەد، عەلی سەعید جاسم.
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی تۆڕی شەمس دوێنێ دووشەممە 21ـی ئۆکتۆبەری 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تەنیا لە دەنگدانی گشتی لە هەر چوار بازنەکە لەسەر کۆی پرۆسەکە لایەنە سیاسییەکان 124 سکاڵایان تۆمار کردووە."
هەروەها پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تەنیا لە دەنگدانی تایبەت کە 18ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، 71 سکاڵا تۆمارکراوە، لە سلێمانی 24 سکاڵا و لە هەڵەبجەش بە هەمانشێوە 24 سکاڵا، لە هەولێر 11 سکاڵا و لە دهۆکیش 11 سکاڵا تۆمارکراوە. هەروا لە دەنگدانی گشتی زۆرترین سکاڵا لە بازنەی سلێمانی تۆمارکراوە کە 61 سکاڵایە، لە هەولێر 30 سکاڵا، دهۆک 26 و هەڵەبجەش یەک سکاڵای تێدا تۆماکراوە، کە بە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی دەکاتە 189 سکاڵا.
یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 کەس بەشدارییان لە دەنگدان کردووە و ڕێژەی بەشداری %72 بووە، نەرزترین ڕێژەی بەشداری لە بازنەی دهۆک تۆمارکراوە کە دهۆك 78% بووە، لە ههولێر 74%، سلێمانی 65%، ههڵهبجه 69% بووە.