هەڵمەتی پاککردنەوەی شار و لابردنی پۆستەرەکان دەستی پێ کرد

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند "بە هەماهەنگی لەگەڵ پەروەردەی هەولێر، دەستکراوە بە پاککردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە کرابوونە بنکەی دەنگدان."
سێشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە دوێنێ دووشەممەوە دەستمان بە هەڵمەتی پاککردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە کرابوونە بنکەی دەنگدان بە هەماهەنگی لەگەڵ پەروەردەی هەولێر و تیمەکانی شارەوانی کردووە."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: "دەستمان بە لابردنی وێنە و پۆستەرەکانی ئەو شوێنانەش کردووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان تێدا کراوە."
سەرۆکی شارەوانیی ڕاشیگەیاند "هەوڵدەدەین لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتە شەقام و شوێنە گشتییەکان و لابردنی تەواوی پۆستەرەکان پاک بکەینەوە."
کارزان هادی ئاماژەی بەوەش دا "تاکو ئێستە هیچ کاندیدێک هاوکارییانی نەکردووە و لەگەڵیان نەبوون بۆ پاککردنەوە و لابردنی پۆستەرەکانی سەر شەقامەکان."
ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرانسەری کوردستان دەستی پێ کرد.
هاوکات ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی تایبەت لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوە چوو.