شرۆڤەکارێک: خەڵکی کوردستان بە پارتییان گوت ئێمە ئێوەمان دەوێت
دروست بوونی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دوای ڕاپەڕین نییە، بەڵکو بەرهەمی خەباتێکە پێش لە دایکبوونی هەر یەک لەو حزبانە، بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوەیە
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت "خەڵکی کوردستان، بە دەنگدانیان بە پارتی دیموکراتیی کوردستانیان گوت ئێمە ئێوەمان دەوێت."
سێشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئارام ڕەسووڵ مامەند، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەم هەڵبژاردنەدا خەڵکی کوردستان ئیرادەی خۆیان تاقی کردەوە و بە دەنگی خۆیان پەیامیان نارد، پەیامە هەرە دیارەکەیان متمانە بەخشینەوە بوو بە دەنگی زۆر بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "خەڵکی کوردستان، بەو دەنگدانەیان، بە پارتی دیموکراتیی کوردستانیان گوت: ئێمە ئێوەمان دەوێت! پارتی بە دروشمەکەی ئاماژەی دابوو بە ئارامی، ئاوەدانی، سەقامگیری و پێکەوەیی، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بۆ بەرگریی لە مافە دەستوورییەکان و کوردستانێکی ئارام و پێشکەوتوو، ڕایانگەیاند ئێوەمان دەوێت کوردستان بەڕێوە ببەن."
دەشڵێت: "پێش هەڵبژاردن گوشاری زۆر دەخرایە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و پلان و بەرنامەی جۆراوجۆر دادەنرا بۆ ئەوەی خودی هەڵبژاردن بە شیوازێکی دیزاین کراو، لە ناو کوردستاندا بکرێ."
ئارام ڕەسووڵ مامەند، راشیگەیاند "ئیرادەی پارتی دیموکراتی کوردستان نەیهێشت لایەنی دەرەکی یاری بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکات، بەڵکو پێداگری و خۆڕاگریی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو وایکرد جارێکی دیکە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لە هەرێمی کوردستان بەدەگی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت نەک بە شێوەیەکی داڕێژراو یاریکردن بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان."
لای خۆیەوە د. حەسەن ئەحمەد، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: "هۆی سەرکەوتنی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەک خاڵی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە، ئەویش چارەنووسی پارتی دیموکراتی کوردستان و قەوارەی هەرێم بەیەکەوە گرێ دراوە، ئەندام و لاینگرانی حزبی دیکەش کە پارتی مووچەی بۆیان دابین کردووە و شەهیدیان هەیە و خەڵکی تێکۆشەرن و قوربانیان بۆ کوردستان داوە، ئینتیمان بە حزبەکەیان هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕاستییە دەبینن کە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان لاواز بێت و بە ئاراستەی ئەو هەڕەشانەدا بڕوات لێی دەکرێت، ئەوا قەوارەکە لاواز دەبێت و نامێنێت."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "مەترسیی بۆ سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، واتای مەترسیی بۆ سەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. بە شێوەیەکی گشتیی قسە دەکەم، بڕیار بوو زۆرینە بێنن و حەشدی شەعبی بێنن سێلفی لەناو پەرلەمان بگرێت، هەروەها بە بڕیاری خۆیان زۆرینەیەک دروست بکەن و بەبێ گفتوگۆ هەرچی هەمانە بە بەغدا پرس بکەین و پێیان بڵێین چۆنتان بوێت لەم هەرێمە ئێوە بەو جۆرە دایبڕێژن."
د. حەسەن ئەحمەد دەشڵێت: "دروست بوونی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دوای ڕاپەڕین نییە، هەندێک لایەنی سیاسیی بە هەڵە تێیگەیشتووە، بەرهەمی خەباتێکە پێش دروستبوونی هەر یەک لەو حزبانە، بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە. ئەو شۆڕش و خەباتە تا ئێستە بەردەوامە. کاروانی بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان بۆ زۆر پێش ساڵانی پێش 70کان دەگەڕێتەوە، واتە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە."
گوتیشی: "ئەم حکوومەت و هەرێمەی کە هەیە بە دەستکەوتەکانییەوە، شتێکی تازە نین خەڵکان و چەند لایەنێک گرەوەی لەسەر دەکەن، ئەم گرەوەی کردیان مەترسیدار بوو."