دەمیرتاش: ئەوانەی ئاشتییان دەوێت، ڕێگە نادەین سەرکوت بکرێن
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندان، لە پەیامێکدا، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەنقەرەی کرد و گوتی: "سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەوانە دەکەین کە گیانیان لەدەست داوە و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین."
چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندان، لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان لە ئەنقەرە، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین، خوای گەورە لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان سپارد، سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی کەسوکاریان دەکەین. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین."
دەمیرتاش، دەڵێت: "ئەو عەقڵییەتەی کە هەوڵ دەدات بە ڕشتنی خوێن چارەی کێشەکانمان لە ڕێگەی دیالۆگ و سیاسەتەوە بوەستێنێت، پێویستە بزانێت ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و بیەوێت زەمینە بۆ سیاسەت خۆش بکات، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە پاڵپشتیی دەبین."
هاوکات جەختی لەوە کردەوە "هەر ڕێبازێک ڕەت دەکەینەوە کە ئامانج لێی لەکەدارکردنی سیاسەتی دیموکراسی و هەوڵی چارەی ئاشتی بێت."
گوتیشی: "هەرگیز ڕێگە نادەین ئەوانەی ئاشتییان دەوێت، سەرکوت بکرێت."
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.
مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. بەهۆی هێرشەکەوە 5 کەس کوژران و 22کەسی دیکە بریندار بوون."