لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا سەربازێک مرد و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون

لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و گوندێکی حەمس سەربازێک کوژرا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی سووریا ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر دوو خاڵ لە گەڕەکی کەفەر سووسە لە دیمەشق و خاڵێکی سەربازی لە گوندی حەمس، بەوهۆیەوە سەربازێک کوژرا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەو سەرچاوە سەربازییە گوتیشی: نزیکەی کاتژمێر 3:40 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە24ـی ئۆکتۆبەری 2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بە ئاڕاستەی جۆلانی سووریا و ئاڕاستەی باکووری لوبنانەوە دەست پێ کرد و  گەڕەکی کەفەر سووسە لە دیمەشق و یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی گوندێکی حەمس کردە ئامانج.

ئیسرائیل چەندان جار هێرشی کردووەتە سەر گەڕەکی کەفەرسووسە لە دیمەشق و بووەتە هۆی داڕمانی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لەو ناوچەیە.