زانیاری لەبارەی تووشبووەكەی كەمپی حەسەن شام ئاشكرا دەكرێت
لە مووسڵ تووشی كۆرۆنا بووە
K24 - ھەولێر
بەڕێوبەری کەمپی حەسەن شام، ئاشكرای دەكات ئەو كەسەی لە كەمپەكە تووشی كۆرۆنا بووە، ھەفتەی رابردوو لە كەمپەكە چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە ناو كەمپەكە.
رەشید دەروێش بەڕێوبەری کەمپی حەسەن شام بە کوردستانی 24 راگەیاند: "ئەو کەسەی لە کەمپی حەسەن شام تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە لە 17 ئەم مانگەوە لە کەمپ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە کەمپەکە، هەموو کەسوكاری نزیک و هاوڕێکانی سامپڵیان لێوەرگیراوە بۆ دڵنیابوونەوە".
گوتیشی: "ماوەی دوو مانگ و نیوە کەمپەکان داخراون و هاتوچۆ سنوردار کراوە".
دوێنێ یەكێك لە ئاوارەكانی كەمپی حەسەن شام وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان كرا، بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، ئەو كەسە چوار رۆژ لە كەمپ دەرچووە و سەردانی مووسڵی كردووە لەوێ تووشی كۆرۆنا بووە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا 502 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە. لەنێویاندا 5 حاڵەتی مردن ھەیە و 403 كەسیش چاكبوونەتەوە، ئێستا 94 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.