رووماڵ

مەروان محەممەد: هیچ سکاڵایەک لەسەر سندوقەکان نییە

بەرپرسی ئۆفیسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، بەشێک لە سندوقەکان کێشەی تەکنیکیان هەبووە و سکاڵایان لەسەر نییە، دوای وردبینی ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت.

پێنجشەممە، 24ـی ئۆکتۆبەری 2024، مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشێک لە سندوقەکان کێشەی ناردنی داتاو خوێندنەوەیان لە بەغدا هەیە و سکاڵایان لەسەر نییە، تەنیا هەژمارکردنی دەستی لەگەڵ ئەلیکترۆنی کێشەیەک هەبووە لە هەژمارکردنی دەنگەکان کە زیاتر بووە لە 5% تەنیا ئەوەیە هەژمارکردنی دووبارە دەکەینەوە.

ئەو بەرپرسی ئۆفیسەی هەولێر دەڵێت: "نۆ سندوقمان هەیە کێشەی تەکنیکی نەبووە، ئەوەش تەنیا ئەو USB بییانەی نێردراونەتە بەغدا لەوێ کاری نەکردووە، ئەگینا ئێمە لەڕێگەی کێبڵی بیکۆسەوە ئەنجامەکانمان وەرگرتووە و لە ڕێگەی RTS نێردراوەتەوە بەغدا، ئێستە ئەو سندوقانە تەنیا ڕاپۆرتەکەی لێ وەردەگرین".

دەشڵێت: "30 سندوقی دیکەش هەیە ئەنجامی هەژماری دەستی لەگەڵ ئەلیکترۆنی کەمتر لە 1%ـی هەبووە، ئەوەش تەنیا وردبینی لە فۆڕمەکان دەکرێت و کۆتاییان پێ دێت".

مەروان محەممەد ڕاشیگەیاند، " هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەنجامەکان نەگەیشتووەتە هێڵی سوور و دوای کۆتایی هاتنی وردبینی لە سکاڵاکان ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەنن".

ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە. 

 

ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:

 پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی

ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی

بەرەی گەل: 2 کورسی

بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی

کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی

 

ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئامارە بەراییەکان:

پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان:  116,981 دەنگ 

ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710  دەنگ

بەرەی گەل: 33,365 دەنگ

بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ