لە نزیک سنوورەکانی ئەفغانستان 10 پۆلیسی پاکستانی کوژران

ئاژانسی هەواڵی ئێرنا، ئەمڕۆ هەینی، 25ـی ئۆکتۆبەری 2024، لەسەر زاری کاربەدەستانی پاکستان ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا لە نزیک سنوورەکانی ئەفغانستان 10 پۆلیسی سنووری پاکستانی کوژران و تاڵیبانی پاکستانیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

بەرپرسێکی باڵا هەواڵگری پاکستان، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاندووە، "شەڕەکە کاتژمێرێکی خایاندووە لە نێوان هەردوولادا و بەوهۆیەوە 10 پۆلیسی سنوورەکان کوژراوە و حەوت دیکەش بریندار بوون".

هەروەها  لە ناوچەی دێرا ئیسماعیل خان لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا، 20 بۆ 25 چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی سنوور. 

گرووپی تاڵیبانی پاکستانی لە بەیاننامەیەکدا کە بە ئاژانسی فرانس پرێس گەیشتووە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

لەدوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 پاکستان ڕووبەڕووی ژمارەیەک هێرشی چەکداریی بووەتەوە، کە زۆربەیان هێزە ئەمنییەکانی پاکستان دەکەنە ئامانج و لای خۆیەوە پاکستانیش وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە و کەسانی چەکدار لەو ناوچەیەدا لەناو دەبات.