رووماڵ

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەی 2024، مێدیا ئەمەریکاییەکان ڕایانگەیاند "وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران دەستی پێ کردووە و چەند شوێنێکی بۆمباران کردووە."

لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە "ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەڵامدانەوەی ئەو  هێرشە مووشەکانەیە کە ئێران لەسەرەتای ئەم مانگەدا کردییە سەر ئیسرائیل"

لەلایەکی دیکەوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی ئێرانی دایەوە."

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران کە چەند مانگێکە دەستی پێ کردووە بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ورد بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران کردووە."

ڕادیۆکە ڕاشیگەیاند "دەیان فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی تاران، مەشهەد و وێستگەیەکی کارەبا لە کەرەج کردووە."

چەند تەقینەوەیەک لە تارانی و کەرەجی ئەو وڵاتە بیستراوە، تا ئێستە نە تەلئەڤیڤ و نە تاران هیچ وردەکارییەکیان سەبارەت بەو بابەتە ڕانەگەیاندووە.

تەلئەڤیڤ پێشتر چەندان جار سوێندی خوارد وەڵامی ئێران بداتەوە، هاوکات واشنتۆن داوای لێ کرد هێرشەکانی لە بنکە سەربازییەکان سنووردار بکات نەک دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئێران.

لای خۆیەوە مێدیا ئێرانییەکان ڕایانگەیاند "هیچ مووشەکێک ئاراستەی ناوەندە سەربازییەکانی تاران نەکراوە."

سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە "تا ئێستە هیچ مووشەکێک بەر ناوەندە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای تاران نەکەوتووە."

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت، لە 1ـی ئۆکتۆبەر تاران زیاتر لە 180 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و 3 بنکەی ئاسمانی ئیسرائیلی مووشەکباران کرد.  ئێران ڕایگەیاند ئەو هێرشە لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری بزووتنەوەی حەماسە. کە لە کۆتایی مانگی تەمموزی ڕابردوودا بوو، هەروەها ژەنەڕاڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبووڵلا بووە.