سوپاسالاری ئێران: مافی وەڵامدانەوەمان هەیە
محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران ڕایدەگەیەنێت: ئیسرائیل مووشەکی دوورمەودای بەکارهێناوە و دەڵێت: مافی وەڵامدانەوەمان هەیە.
شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی گوتی: ئیسرائیل مووشەکی دوورمەودای بەکارهێناوە و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە
محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران گوتیشی: ئیسرائیل کایەی ئاسمانی سوپای ئەمەریکای لە عێراق بەکارهێناوە، بە هێرشەکانیشی ئیسرائیل تەنها زیانی بە سیستەمی ڕادار گەیاندووە.
دەشڵێت: ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراق و بە دووری 100 کیلۆمەتر لە سنوورەکانمان مووشەکەکانی هاوێشتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەر ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، "به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل."
لە لایەکی دیکەوە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دەرئەنجامی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی ئیسرائیل بەرامبەر گەلەکەمان لە فەڵەستین و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێران."
باسم عەوادی گوتیشی: "عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکات
هاوکات،ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە؛ ئارتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا "کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە ئەنجامی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند.