ڕاوێژکارێکی سوودانی: ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران بەکار نەهاتووە
ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکار نەهاتووە.
شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکار هاتبێت.
حوسێن عەلاوی دەشڵێت: هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکایی لە عێراقدا بوونی نییە بۆ ئەوەی لەوێوە هێرشی سەر ئێران بکرێت.
ئەو قسانەی عەلاوی لە کاتێکدا هات کە ئاژانس و هەواڵەکانی ئێران ئاشکرایان کرد کە بەشێکی هێرشەکانی سەر ئێران لە خاکی عێراقەوە بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەر ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، "به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل."
لە لایەکی دیکەوە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دەرئەنجامی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی ئیسرائیل بەرامبەر گەلەکەمان لە فەڵەستین و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێران."
باسم عەوادی گوتیشی: "عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکات
هاوکات،ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە؛ ئارتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا "کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە ئەنجامی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند.