رووماڵ

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی: هێرشەکانی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەبووە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاریگەریی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەبووە."

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕافائیل گرۆسی، گوتی: "هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی ئیسرائیل، هیچ کاریگەری لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەبووە."

گرۆسی داوای "خۆگرتنی گرت لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە ڕەنگە زیان بە سەلامەتی و ئاسایشی وزەی ئەتۆمی و تیشکدەرەکان بگەیەنن".

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران؛ ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە لە 1ـی ئۆکتۆبەردا بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا دوو سەربازی ئێرانی کوژران.

ڕۆژی شەممە، 26ـی 10ـی 2024، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران گوتی: "ئیسرائیل مووشەکی دوورمەودای بەکارهێناوە و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە."

باقری، ئاماژەی بەوەش کرد "ئیسرائیل دەستەڵاتی ئاسمانیی سوپای ئەمەریکای لە عێراق بەکارهێناوە،  هێرشەکانی ئیسرائیل تەنها زیانی بە سیستەمی ڕادار گەیاندووە."