رووماڵ

سوپای ئیسرائیل کۆتایی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بۆ سەر ئێران هێنا

ئیسرائیل کۆتایی هێنا بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بۆ سەر ئێران هێنا، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئێمە کۆتاییمان بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە هێنا کە ئێران کردبوویە سەر ئیسرائیل."

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە گرتەیەکی ڤیدیۆییەکدا گوتی: "هێرشی وردمان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران کرد و ئەو هەڕەشانەی ڕاستەوخۆی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل دەیکرد پووچەڵمان کردەوە."

هاگاری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەگەر ئێران دووبارە بییەوێت هەڵەیەکی دیکە بکات، ئەوە ئێمە دەستەوسان ناوبین و پابەند دەبین بە وەڵامدانەوەی ڕژد." 

ئاماژەی بەوەش کرد "پەیامەکەمان بۆ هەموو ئەو کەسانە ڕوونە کە هەڕەشە لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن و هەوڵدەدەن ناوچەکە بەرەو شەڕێکی فراوانتر بەرن، باجێکی قورس دەدەن."

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە: "ئێمە ئەمڕۆ نیشانمان دا کە توانا و ئیرادەمان هەیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکەین و ئامادەین لە هێرش و بەرگریدا، بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل."

پێشتریش ڕادیۆی ئیسرائیل بڵاوی کردبووەوە "دەیان فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی تاران و مەشهەد و وێستگەیەکی کارەبا لە کەرەج کردبوو."

جگە لەوەش، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیان ڕاگەیاندووە "کە ئێران ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل."