بەرگریی ئاسمانیی ئێران، هێرشەکانی ئیسرائیلی سەلماند
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەرگریی ئاسمانی ئێران دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەند شوێنێکی وڵاتەکە بە تایبەت لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوا، هەروەها لای خۆیەوە ئێران وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد "ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شوێنە سەربازییەکانی تاران، ئیلام و ئەهواز و زیانێکی کەمی هەبووە."
لای خۆیەوە دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی ڕاگرت تا کاتێکی نادیار.
هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبونەوەی هەڵسەنگاندنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی وڵاتەکەی کرد.
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بنکەی سەربازیی کیریا لە تەلئەڤیڤ بەڕێوە چووە، بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، سەرۆکی موساد "هەواڵگریی دەرەکی"، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی شاباک "هەواڵگریی ناوخۆیی"."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەی 2024، ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ئێران و چەند شوێنێکی بۆمباران کرد.