رووماڵ

بەرگریی ئاسمانی سووریا بەرەنگاری مووشەکەکان ئیسرائیل دەبێتەوە

دانیشتووانی ڕۆژئاوای دیمەشق ڕایانگەیاند، بۆمبارانەکەی نیوە شەوی هەینی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری دیمەشق، سەختترین بۆمباران بووە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەو پێیەی زیاتر لە 10 تەقینەوە بیستراوە، جگە لە دەنگی مووشەکی دژە فڕۆکەی زەمینی کە ژمارەیەک مووشەکی ئیسرائیلیان خستە خوارەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA) لە زاری شایەتحاڵەوە بڵاوی کردووەتەوە لەچەند شوێنێکی سەربازیی لە ڕۆژئاوای دیمەشق ئاگر کەوتووەتەوە.

لای خۆیەوە سەرچاوە نزیکەکان لە هێزەکانی حکوومەتی سووریا ڕایانگەیاند "هێزەکانی حکوومەت وەڵامی هێرشێکی ئیسرائیلیان داوەتەوە بۆ سەر شوێنەکانی ڕۆژئاوای شاری حمس، هەروەها بەرەنگاری ژمارەیەک مووشەکی ئیسرائیل بوونەتەوە لە پارێزگای تارتوس لە کەناراوەکانی سووریا و شوێنێکی سوپای سووریا لە لادێکانی سوەیدا لە باشووری سووریا.

لە پارێزگای دارا، دانیشتوانی پارێزگاکە ڕایانگەیاندووە "گوێیان لە دەنگی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان بووە لە ناوچەکانی باشووری سووریا، بەبێ ئەوەی هیچ بۆمبارانێک لە پارێزگاکەدا بکەن."