رووماڵ

لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل دوو سەربازی ئێرانی کوژران

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە؛ ئارتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا "کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە ئەنجامی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەی 2024، ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ئێران و چەند شوێنێکی بۆمباران کرد.

لای خۆیەوە سەرچاوە ئیسرائیلیەکان ڕایانگەیاند، زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشداریی ئەو هێرشانەیان کردووە بۆ سەر ئێران، هەروەها نزیکەی 20 ئامانجیان پێکاوە، لەوانەش پێگەکانی موشەکی بالیستی و کۆمەڵەی بەرگریی ئاسمانی.

ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" ڕایگەیاندووە "فڕۆکەکانی ئێف 35 بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر ئێران کردووە."