سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: هێرشەکەی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکەیە
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەکات و دەڵێت: "هێرشەکەی ئیسرائیل، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی دەوڵەت و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە."
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکەدا "بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و هێرشەکە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری دەوڵەت و هەروەها تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت."
هەر لەبەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەش کراوە "داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و ڕێگریی لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان."
جەختیشی کردەوە "هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە، پەرەسەندنی ئالۆزیەکان ڕەت دەکاتەوە، هەروەها پاڵپشتیی لەفەڵەستینییەکان دەکات لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، پێوستە کۆتایی بەو شەڕە لە غەززە و لوبنان بهێنرێت و چارەسەرێک بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بدۆزرێتەوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.